پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، ئەگەر هاوڵاتیان
ماسک ببەستن و رێکارە تەندروستییەکان جێبەجێ بکەن، ئەوا ناچار نابین قەدەغەی
هاتوچۆ ڕابگەیەنین.
هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی ئەمڕۆ ٢٧ی
تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠، لە فەیسبووکی خۆی رایگەیاند،
"بەستنی ماسکێک لە شوێنە داخراوەکان و پاراستنی دووری نێوانمان لە شوێنە کراوەکاندا،
جگە لەوەی دەبێتە پاراستنی خۆمان و دەوروبەر، یارمەتیدەریش دەبێت بۆ ئەوەی جارێکی
تر زۆریی توشبووانی پەتاکە ناچارمان نەکەن دەست بە کەرەنتینە و قەدەغەی تەواوی
هاتوچۆ و داخستنی هەموو شوێنەکان بکەینەوە".
هەڤاڵ ئەبوبەکر راشیگەیاندووە، رێکارەکان بۆ هاندانی خۆپارێزین، نەک
بۆ سزادان و ژیانی خەڵکی لە سزادانی هەر سەرپێچیکەرێک بەنرخترە.
ئێوارەى ئەمڕۆ هاتوچۆی سلێمانی ڕایگەیاند لە
سبەینێوە هەر شۆفێرێک ماسک نەبەستێت سزا دەدرێت و بەپێی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی ھەرێم،
ئەگەر شۆفێر سەرنشینی لەگەڵدا نەبێت و ماسکی نەبەستبێت، ئەوا سزانادرێت، بەڵام بەپێچەوانەوە
بە بڕی ٥٠ هەزار دینار سزادەدرێت.