کۆمپانیاى هیونداى بە تێچوى دوو ملیار دۆلار پرۆژەى ریسایکلین لەعێراق دروستدەکات

ئابوری 30/10/2020

Alternate Text

کۆمپانیاى هیونداى کۆرى گرێبەستێکى بۆ بونیاتنانى پرۆژەیەکى ریسایکلین لە پاشەڕۆ نەوتییەکاندا لەگەڵ حکومەتى عێراق واژۆ کرد و پرۆژەکە دوو ملیار دۆلارى بۆ تەرخانکراوە و بڕیارە لەساڵى ٢٠٢٥دا تەواوببێت.

 ئاژانسى یونهابى کۆریاى باشور بڵاویکردەوە، کۆمپانیاى هیونداى کۆرى پرۆژەیەکى ریسایکلین لە عێراق دادەمەزرێنێت کە تایبەتە بە دووبارە بەکارهێنانەوەى ئەو پاشەڕۆ نەوتییانەى کە لە پاڵاوگەکانى عێراق دەسوتینرێت و بەفیڕۆ دەڕوات، ئاماژە بەوەشکرداوە، بە تەواوبوونى ئەو پرۆژە کۆرییە لە عێراق، دەتوانرێت بڕێکى زۆر لە ماددەکانى پرۆپلین و بەنزین و چەندین ماددەى کیمایى بە بەها دەستبخرێت و چیتر ئەو پاشماوە نەوتییانە لە پاڵاوگەکانى عێراق ناسوتێندرێن و ژینگەى وڵاتەکەش پاکتر دەبێتەوە.

لەوبارەیەوە کۆمپانیای شیڵی هۆڵەندی، کە دووەم گەورەترین کۆمپانیای کەرتی تایبەتە لە بواری وزە لە جیهاندا، لەبارەى بەفیڕۆدانى پاشماوەى نەوتى لە عێراق دەڵێت، عێراق ساڵانە ٧٠٠ ملیۆن مەتر سێجا پاشەڕۆى نەوتى دەسووتێنێت و دەبێتە هۆی فرێدانی ٤٠٠ ملیۆن تۆن لە گازی کاربۆن.
ئەو کۆمپانیایە لە راپۆرتێکیدا ئاماژەى بەوەشکردووە، بەو پاشەڕۆیەى کە لە عێراق دەسووتێندرێت، دەتوانرێت رۆژانە ٥٦٠ ملیۆن مەتر سێجا گازی وشک بەرهەمبهێنرێت، یان٤هەزار مێگاوات کارەبای لێ بەرهەمبهێنرێت، یاخود ٤ هەزار تۆن گازی شلی لێ دروستبکرێت، کە دەتوانرێت ٣٢٠ هەزار بوتڵی گازی پێ پڕبکرێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، پاش روخانى رژێمى پێشووى عێراق لە ساڵى ٢٠٠٣دا، زۆربەى وڵاتانى جیهان هەوڵى وەبەرهێنان لە عێراق دەدەن و چەندین پرۆژەى پیشەسازى و ئابوورى لە لایەن کۆمپانیا جیهانییەکانەوە لەگەڵ حکومەتى بەغدا واژۆ کراوە.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا