بۆدیاریکردنى چارەنوسى خوێندنى ئەمساڵ سبەى وەزیرى پەروەردە و لیژنەى روبەڕوبوونەوەى کۆرۆنا کۆدەبنەوە

کوردستان 31/10/2020

Alternate Text

ئالان حەمەسەعید وەزیرى پەروەردە رایگەیاند، بۆ دیاریکردنى چارەنوسى خوێندنى ئەمساڵ، بڕیارە سبەى لەگەڵ لیژنەی رووبەڕوو بوونەوەی کۆرۆنادا کۆببنەوە و لیژنەکە بڕیار لەسەر چارەنووسی خوێندن دەدات.

 وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، "سبەینێ کۆبوونەوەمان لەگەڵ لیژنەی باڵای روبەڕووبوونەوەی کۆرۆنادا هەیە، ئێمە داتاکانی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنامان داوەتە وەزارەتی تەندروستی، ئەوانیش بەدواداچوون بۆ بابەتەکە دەکەن و لەژێر رۆشنایی ئەو زانیارییانەدا هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی خوێندن دەکەن".

ئاماژەى بەوەشکرد، لەپێناو پاراستنی گیانی خوێندکاران و کەمکردنەوەی توشبوون بە کۆرۆنا، دەرگای خوێندنیان بۆ هەموو خوێندکاران نەکردووەتەوە، وتیشى ئەو وەکو وەزیری پەروەردە ناتوانێت بەتەنیا بڕیار لەسەر کردنەوە و داخستنی ناوەندەکانی خوێندن بدات و ئەو بابەتە پەیوەستە بە وەزارەتی تەندروستییەوە.

لەبارەى چۆنێتى بەڕێوەچوونى تاقیکردنەوەکانەوە وەزیرى پەروەردەى هەرێم وتى، بەهەر جۆرێك بێت تاقیکردنەوەکان لەناو هۆڵەکانی خوێندندا دەبن و بابەتەکانى قۆناغى ١٢ وەک خۆى بەبێ کەمکردنەوە دەخوێندرێن.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ساڵانە لە ناوەڕاستى مانگى نۆدا دەرگاى سەرجەم ناوەندەکانى خوێندن دەکرانەوە و ساڵى نوێى خوێندن دەستى پێدەکرد، بەڵام ئەمساڵ بەهۆى بارودۆخى تەندروستى و مەترسییەکانى ڤایرۆسى کۆرۆناK دەستپێکردنى ساڵى نوێى خوێندن نزیکەى دوومانگە دواکەوتووە و تائێستا دیارنییە کەى خوێندن بەشێوەیەکى ئاسایى دەستپێدەکاتەوە.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا