بریکارى وەزارەتى کارەبا رایگەیاند، چارەسەرى بنەڕەتى
کارەبا لەم دۆخە قەیراناویەدا قورسە، بەڵام هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوەیە پێدانى کارەبا
لە ٢٠ کاتژمێر کەمتر نەبێت، دەشڵێت: بەتایبەتکردنى کەرتى کارەبا پێدانى کارەبا زیاد
دەکات و بەفیڕۆچونى کەمدەکات و هاوڵاتیانیش لە پێدانى دو کرێى کارەبا رزگار دەکات.
لە پەیجی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی گشتى کارەبای سلێمانی
بڵاوکراوەتەوە، کامیل محەمەد قەزاز، بریکارى وەزارەتى کارەباى حکومەتى هەرێم، راگەیاندووە،
کابینەى نۆ پڕۆژەى چاکسازى بۆ کەرتى کارەبا هەیە و دەرکەوت هاوینى ئەمساڵ پێدانى
کارەبا بە هاوڵاتیان بەراورد بە ساڵانى رابردو چەند باشتر بوو.
بریکاری وەزارەت
دەشڵێت "چەند کێشەیەک لەبەردەم کارەبا هەیە، یەکێک لەو کێشانە بەکارهێنانى
کارەبایە بۆ سوتەمەنى لە وەرزى زستاندا، بەڵام ئەگەر بێت و سوتەمەنى بدرێتە هاوڵاتیان
کارەبا لەو کێشەیە رزگارى دەبێت".
باس لەوەشدەکات، سەرەڕاى ئەوەى لەوەرزى هاویندا بەرهەمهێنانى
کارەبایان بۆ ٣٨٠٠ مێگاوات بەرزکردەوە، بەڵام ئامانجیانە لە زستاندا بیگەیەنن بە ٤٠٠٠
مێگاوات، چونکە لە وەرزى زستان و هاوین خواست لەسەر کارەبا بەرزدەبێتەوە بۆ ٦٠٠٠مێگاوات،
ئەوەش دەبێتە هۆى کورتهێنان لە پێدانى کارەبا.
سەبارەت بە تایبەتکردنى کەرتى کارەباش، بریکارى بریکارى
وەزارەتى کارەبا رایگەیاند: ئێمە وەک چارەسەر سەیرى بەتایبەتکردنى کەرتى کارەبا دەیکەین،
چونکە چوار ئامانجى سەرەکى دەپێکین لەو بابەتە ئەوانیش بریتین لە :
یەکەم: پێدانى کارەباى ٢٤کاتژمێرى بە هاوڵاتیان.
دوەم: زیاد نەبونى نرخى کارەبا و بەرزکردنەوەى رێژەى پێدان.
سێیەم: هاوڵاتیان دو کرێى کارەبا نەدەن ( کارەباى مۆلیدە
و کارەباى کەرتى گشتى)
چوارەم: کۆنتڕۆڵکردنى بەفیڕۆچوون.