سەرۆکایەتیی یەکێتی: قادری حاجی عەلی بەشی زۆری تەمەن و گەنجێتی لەناو شۆڕشی نوێ‌ و یەكێتی تەرخانكرد

کوردستان 10/11/2020

Alternate Text

 

سەرۆکایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بەیاننامەیەکیان لەسەر کۆچی دوایی قادری حاجی عەلی بڵاوکردەوە.

لە پەیامەکەدا هاتووە: " پرسەو سەرەخۆشی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاراستەی كەسوكار و خانەوادەی سەربەرزی قادری حاجی عەلی و هەموو هاوڕێ و هاوسەنگەران و تێکۆشەرانی یەکێتیی دەكەین"

هەروەها راشیانگەیاندووە " قادری حاجی عەلی بەشی زۆری تەمەنی بۆ ئازادی و سەرفرازی گەلە ستەمدیدەكەی تەرخانكرد، بەم هۆیەشەوە خانەوادە و كەسوكاریشی تووشی نەهامەتی و ستەمی زۆر بوونەوە، بەڵام هەر وەك خانەوادەیەكی تێكۆشەرو قوربانیدەر بەسەربەرزانە درێژەیان بەخەبات دا."

دەقی پەیامەکەی سەرۆکایەتیی یەکێتیی:

بەداخ و كەسەرێكی زۆرەوە، بەهۆی ڤایرۆسی نەگریسی كۆرۆنا، هەڤاڵ قادری حاجی عەلی، سەركردە و سیاسەتمەدار و تێكۆشەرێكی دێرینی كوردایەتی بۆ هەتاهەتایە بەجێهیشتین.

كۆچی دوایی كاك قادری حاجی عەلی، مرۆڤێكی نیشتمانپەروەر و سەركردە و پێشمەرگەی دێرینی شۆڕشی نوێ و ئەندامی پێشووتری مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و یەكێك لەدامەزرێنەرانی بزوتنەوەی گۆڕان، خەمێكی قووڵ و داخێكی سەختە.

كاك قادری حاجی عەلی بەشی زۆری تەمەن و گەنجێتی لەناو شۆڕشی نوێ‌ و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و خەبات بۆ بەدیهێنانی مافە ڕەواكانی گەلەكەی تەرخانكرد.

رۆڵی بەرچاو و گرنگی هەبوو لەو ئەرك و بەرپرسیاریەتیانەی پێی سپێردرابوو. كاك قادری حاجی عەلی، كە ڕۆڵەی خانەوادە و بنەماڵەیەكی خاوەن پێگە و تێكۆشەری شاری سلێمانی بوو، بەشی زۆری تەمەنی خۆی، بۆ ئازادی و سەرفرازی گەلە ستەمدیدەكەی تەرخانكرد، بەم هۆیەشەوە خانەوادە و كەسوكاریشی تووشی نەهامەتی و ستەمی زۆر بوونەوە، بەڵام هەر وەك خانەوادەیەكی تێكۆشەرو قوربانیدەر بەسەربەرزانە درێژەیان بەخەبات دا.

بۆ ئەم خەمە، پرسە و سەرەخۆشی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاراستەی كەسوكار و خانەوادەی سەربەرزی قادری حاجی عەلی و هەموو هاوڕێ و هاوسەنگەران و تێکۆشەرانی یەکێتیی دەكەین، خۆمان بەهاوبەشی خەم و پرسەی هەموولایەك دەزانین. یەزدانی مەزن دڵنەوایی هەموولایەك بداتەوەو ڕۆحی كاك قادریش بۆ هەمیشە شادبكات. یاد و بیرەوەری پڕ لەسەروەری كاك قادری حاجی عەلی هەمیشە بەزیندوویی دەمێنێتەوە. سڵاو لەڕۆحی پاكی.

سەرۆکایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

 

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا