کۆسرەت رەسوڵ بۆ قادری حاجی عەلی: بەداخەوە بۆ لەدەستدانی ئەو كەڵەپیاوە جوامێرو تێكۆشەرە

کوردستان 10/11/2020

Alternate Text

کۆسرەت رەسوڵ، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بەبۆنەی کۆچی دوای قادری حاجی عەلی، پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی بنەماڵەکەی کرد و قادری حاجی عەلی بە هاوڕێ و هاوسەنگەری خۆی ناودەبات.

دەقی پەیامەکەی کۆسرەت رەسوڵ، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان:
بەداخێكی زۆرەوە، بەوپەڕی نیگەرانییەوە هەواڵی كۆچی دوایی تێكۆشەری گەورەی گەلەكەمان، سیاسەتمەدارو پێشمەرگەی دێرین و قارەمانی ڕۆژانی سەختی خەبات، هاوڕێ و هاوسەنگەرم كاك قادری حاجی عەلی-م بیست.
‎كاك قادری حاجی عەلی یەكێك لە تێكۆشەرە گەورەكانی گەلەكەمان بوو، لە خانەوادەیەكی نیشتمانپەروەر گەورە بوو، لە خەباتی شاخ وەك پێشمەرگەیەكی ئازاو قارەمان بەشداری لە دەیان داستان و نەبەردی كردووە.
‎لەدوای ڕاپەرین و ئازادكردنی كوردستان وەك ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان خەباتی كرد، یەكێك بوو لەو هەڤاڵە دڵسۆزانەی هەمیشە بە دڵسۆزی و لەخۆبردووییەوە كاری دەكرد، ئامانجی خزمەتكردنی خەڵك بوو، خەباتی دەكرد لەپێناو كوردو كوردستان.
‎كاك قادری حاجی عەلی هەمیشە یەكێك بووە لە هاوڕێ بە ئەمەك و وەفاكان، لە نێو شارو لە خەباتی نهێنیدا وەك تێكۆشەرێكی ئازاو قارەمان خەباتی دەكرد، هەمیشەو لە هەموو قۆناغە جیاوازەكاندا لە هەر ئەرك و لێپرسراویەتییەك كە پێی سپێردرابێ بەوپەڕی دڵسۆزی و لەخۆبردووییەوە جێبەجێی كردووە و كارەكانی ڕاپەڕاندووە.
‎بەداخەوە بۆ لەدەستدانی ئەو كەڵەپیاوە جوامێرو تێكۆشەرە، كۆچی دوایی هەڤاڵ قادری حاجی عەلی خەمێكی یەكجار قووڵەو هەموومان نیگەرانین بۆی، داواكارم لە خوای گەورە لەم كۆستە گەورەیە سەبووری هەموومان بدات و كۆچكردوو جێگای بەهەشتی بەرین بێت.

‎كۆسرەت ڕەسول عەلی
‎سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی 
‎یەكێتی نیشتمانی كوردستان  

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا