شۆڕش حاجی ئەندامێكی
خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆران لە پەیامێکیدا بە بۆنەی کۆچی دوای قادری
حاجی عەلییەوە ڕایگەیاندووە، "لەگەڵ خۆی و گەل و بیروباوەڕەکەی ڕاستگۆبوو".
ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەکەیەتی:
بۆ کۆچی دوایی کاک قادری حاجی عەلی
قادری حاجی عەلی یەکێک بوو لەو سەرکردە دەگمەنانەی کورد، کە لەسەردەمی
لاوێتییەوە تا دوا ساتەکانی ژیانی لەگەڵ خۆی و بیروباوەڕەکەیو هاوڕێکانیو خەڵکدا
راستگۆ بو.
لە تەمەنی نۆزدە ساڵی بۆ بەرگریکردن لە خاک و خەڵکی کوردستان و لە پێناوی گەیشتن بەمافە رەواکانی
کورد بو بە پێشمەرگە.
لەدوای شکستی شۆڕشی ئەیلول، کە خەڵک نائومێد
بوو، ئەو بە ورەیەکی بەرزەوە و لەپێناوی کوردایەتیدا شێوازی کاری رێکخراوەییو خەباتی
ناوشاریی پڕ لە مەترسی هەڵبژاردو چووە ریزەکانی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستانەوە.
لەساڵی ١٩٨٠ لە کاتێکدا حکومەتی عێراق خاوەنی
توانایەکی جەنگی و هێزێکی سەربازیی یەکجار گەورە بوو، ئەو رێگای خەباتی چەکداری
گرتەبەر. لە شاخیش نمونەی پێشمەرگە و سەرکردەی ئازاو خاکی و خۆڕاگر بوو.
لەدوای ئەنفال، کە جارێکی تر نائومێدی باڵی کێشابو
بەسەر کوردستاندا، ئەو سەرگەرمی رێکخستنەوەو ئاراستەکردنی هێزەکانی پێشمەرگەی مەڵبەندەکەیو
بەشێک لە پارتیزانەکانی سنوری سلێمانیو گەرمیان بو.
لە بەهاری ساڵی ١٩٩٠ کاتێک هەلومەرجی راپەڕینە
مەزنەکەی خەڵکی کوردستان هاتە ئاراوە، ئەو وەک سەرکردەیەک رۆڵێکی دیاری هەبو لە
ئازادکردنی سلێمانیو کەرکوکو راماڵینی هێزو دامودەزگاکانی رژێمی بەعس لەو دەڤەرە.
لەدوای هەڵبژاردنەکانی ئایاری ١٩٩٢و دامەزراندنی
حوکمی خۆماڵی، ئەو لە ناو حیزبەوە ئەرکی کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر دوژمنانی کوردو
پاراستنی خاکو خەڵکی کوردستانی خستە ئەستۆی خۆی.
لەساڵی ٢٠٠٠ لەو کاتەی لەناو زۆربەی حیزبەکانی
کوردستاندا شەڕ لەسەر نزمترین پلەی حیزبیدا دەکرا، ئەو لەترۆپکی پلەی حیزبیو رێگای
ئاسانی گەیشتن بو بە هەمو ئەو شتانەی مرۆڤ لەژیاندا ئارەزویان دەکا، بەڵام وازی لەو
پلەو پۆستە هێنا.
لەساڵی ٢٠٠٩، کە ناڕەزایەتی خەڵک لەدەسەڵاتی
کوردی لەهەڵکشاندا بو بەهۆی پێشێلکردنی یاساو تەشەنەسەندنی گەندەڵیو نادادپەروەری
کۆمەڵایەتیو ئاستی نزمی خزمەتگوزاری، ئەو چونکە پێی وابو گەلەکەمان شایستەی ژیانێکی
باشترە بۆیە، لەگەڵ پۆلێک لە هاوڕێکانی بەمەبەستی چاکسازیو گۆڕانکاری ریشەیی لەسیستمی
حوکمڕانی بزوتنەوەی گۆڕانیان دامەزراند.
لەناو بزوتنەوەی گۆڕانیش وەک سەربازێکی ونو هەڵسوڕاوێکی
بەتوانا؛ وەک سەرکردەیەکی چاونەترسو بێ ناوونیشان؛ وەک کەسایەتییەکی دیارو خۆشەویستو
راستگۆ لە هەوڵی سەرخستنی پەیامی گۆڕانو بەدیهێنانی ئەو بەڵێنانە بو کە گۆڕان بە
خەڵکی کوردستانی دابو. هەرگیز بۆ هیچ کەسو بۆ هیچ شتێک تەنازولی لەو شتە نەکرد کە
بڕوای پێی بو.
کاک قادری حاجی عەلی یەکێکە لەو کەسایەتیو سەرکردە
دەگمەنانەی گەلەکەمان کە مەدالیای راستگۆیی لەگەڵ خەڵکو خۆیو بیروباوەڕەکەی بەدەستهێناو
لەو پێگە بڵندو شکۆدارەوە ماڵئاوایی لە گەلەکەیو هاوڕێکانیو خانەوادەکەی کردو کەلێنێکی
گەورەشی لەو کاروانە بەجێهێشت.