وەزارەتی پێشمەرگە: شەهیدان و کەسوکاری بەڕێزیان شایستەی زۆر لەوە زیاترن و تاجی سەرمانن

کوردستان 11/11/2020

Alternate Text

ئەمڕۆ لە کاتی دابەشکردنی هەندێک کەلوپەل بەسەر کەسوکاری شەهیدانی شەڕی داعشدا، بەهۆی جۆری کەڵاکانەوە گرژی و ئالۆزی دروست بوو.

ئەمڕۆ چوارشەممە ١١ی تشرینی دووەم، لە کاتی دابەشکردنی هەندێک کەلوپەل بەسەر خانەوادەی شەهیدانی شەڕی داعشدا لەلایەن رێکخراوێکی ئەمریکی، گرژی و ئاڵۆزی دروستبوو، لەو بارەیەشەوە وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیاندنێکی فەرمیدا پەیامێکی ئاڕاستەی کەسوکاری شەهیدان کرد.

دەقی پەیامەکەی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ کەسوکاری شەهیدان:

بەڕێزان کەس و کاری سەربەرزی شەهیدان

نیگەرانین لەو رووداوە نەخوازراوەی کە ئەمڕۆ ۱۱/۱۱/ ۲۰۲۰ ی بەردەم نەخۆشخانەی پێشمەرگە، لەشاری هەولێر روویدا.
لەگەڵ رێزو پێزانینمان بۆ رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و مرۆییەکان کە هەمیشە هاوکارو یارمەتیدەری باشی وەزارەت و هێزەکانی پێشمەرگەن.
دیارە، ئەمڕۆش رێکخراوێکی خێرخوازی جیهانی، لەپڕۆژەیەکدا بڕیاریدا بە دابەشکردنی کۆمەڵێک کەل و پەلی وەک هاوکاری پێشکەش بەکەس و کارو وارسی شەهیدانی شەڕی دژ بەداعش. تیایدا جۆر و قەبارەی کەرەستەکان گلەیی و نیگەرانی کەس وکاری سەربەرزی شەهیدانی لێکەوتەوە.
ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە، نیگەرانی ئەو رووداوەین، شەهیدان وکەسوکاری بەڕێزیان شایستەی زۆر لەوە زیاترن و تاجی سەرمانن، بەئەرکی خۆمانی دەزانین، بەهەموو جۆرێک و بەباشترین شێوە خزمەتی وارسی شەهیدان بکەین.
وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا