سەرباری ئەوەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رەزامەندی
دەربڕی لەسەر قەرزکردنی ١٢ ترلیۆن دینار بۆ موچە، بەڵام بەهۆی ناكۆكی لەسەر پێنەدانی
پشكی هەرێم پەسەندكردنی پرۆژەكە دواخرا.
حەسن ئاڵی پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی عیراق بە
ماڵپەری فەرمی یەكێتیی راگەیاند "لیژنەی دارایی پەرلەمان لەسەر پرۆژەكەی
حكومەت بۆ قەرز رەزامەندی لەسەر ١٢ ترلیۆن دینار دەربڕیوە، بەڵام حكومەت داوای ٤١
ترلیۆن دیناری كردبوو".
حەسن ئاڵی ئەوەشی
وتووە، "لەكۆبوونەوەی ئەمڕۆدا بەهۆی ئەوەی لەناو لیژنەكە و فراكسیۆنەكانی
پەرلەمان داواكراوە لەو قەرزەی حكومەت وەریدەگرێت پشكی هەرێمی كوردستان كە مانگانە
٣٢٠ ملیار دینار بووە نەدرێت و لەپرۆژەكەدا لاببرێت، بۆیە ئەوە كێشەی لەنێوان
ئەندامە كوردەكانی لیژنەی دارایی و ئەندامانی تری ناو لیژنەكە دروستكردوەو
نەگەیشتونەتە رێككەوتن.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشکردووە "فراكسیۆنە كوردییەكان ناو پەرلەمان دەنگ
بەپرۆژەكە نادەن ئەگەر لەقەرزەكەدا پشكی هەرێمیشی تێدا نەبێت كە بۆ موچەی
فەرمانبەرانی كوردستانە".
ڕاشیگەیاند، ئەمڕۆ پرۆژەكە پەسەند ناكرێت و
بەهۆی ئەو ناكۆكییەوە دواخراوە بۆ كۆبوونەوەكانی داهاتوووی پەرلەمان.