شەوی رابردوو لە پەرلەمانی عێراق چی روویدا؟

ڕاپۆرت 12/11/2020

Alternate Text

درەنگانی شەوی رابردوو دوای چڕبوونەوەی ناکۆکییەکانی لایەنە کوردییەکان لەگەڵ هەریەکە لەلایەن شیعی و سونییەکانی بەغداد پرۆژە یاسای قەرزی دەرەکی بەبێ رەزامەندی لایەنە کوردییەکان پەسەند کرا و پرۆژە یاساکە بە زیان بەسەر هەرێمدا کشایەوە.

ماوەی چەند مانگێکە کورتهێنانی داهاتی عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت لەلایەک و بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کەمبوونەوەی داهاتیی ناوخۆیی، وەزارەتی دارایی مەترسی خۆی لە نەمانی توانای دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق راگەیاند کە بڕەکەی ٤٣،٣ملیار دۆلارە بە وتەی وەزیری پلاندانانی عێراق.
لەسەرەتای دەرکەوتنی مەترسییەکان لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی عێڕاق، عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند لە رێگەی پرۆژە یاسای قەرزی دەرەکییەوە کێشەکە چارە دەکەن ئەوەش بە رەزامەندی پەرلەمانی عێراق.
بەگوێرەی ئەو پرۆژە یاسایەی وەزارەتی دارایی عێراق رەوانەی پەرلەمانی کرد، پێویستیان بە قەرزکردنی بڕی زیاتر لە ٣٠ ترلیۆن دینار بۆ دابینکردنی مووچەی چەند مانگی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، بەڵام ئەم پێشنیارە لە لایەن لیژنەی داراییەوە رەتکرایەوە.

دوێنێ چوارشەممە ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠، پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق تایبەت بە پەسەندکردنی پرۆژە یاساکە کۆبوونەوەیەکی فراوان لەنێوان لیژنەی دارایی پەرلەمان و سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیرانی پلاندانان و دارایی بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا لە پرۆژەکەدا بڕی بڕی ١٢ تریلیۆن دینار قەرزی دەرەکی بۆ دابینکردنی مووچەی سێ مانگی داهاتووی ئەمساڵی فه‌رمانبه‌ران وخانه‌نشینان و پرسه‌ پێویسته‌كان وه‌ك داخوازییه‌كانى ده‌رمان و وزه جێگیر بکرێت، دواتریش کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق لەسەر ئەم بنەمایە دەستی پێکرد.

ئەوە چەند مانگێکە پەرلەمانتارانی کورد جەختی لێدەکەنەوە بەشی هەرێم بوو لەو قەرزە دەرەکییە دەکرێت و مسۆگەرکردنی بڕی ٣٢٠ ملیاردینارەکەی هەرێم بوو کە بە گوێرەی رێککەوتنێکی نێوان هەرێم و بەغداد بڕیاری لێدرابوو.
دوێنێ جەمال کۆچەر پەرلەمانتاری عێراق رایگەیاند، بەبیانووی پابەند نەبوونی هەرێم بە رادەستکردنی نەوت فراکسیۆنەکانی پەرلەمان هەوڵی ئەوە دەدەن بڕی ٣٢٠ ملیار دینارەکەی هەرێم ببڕن، بەڵام ئێمە بەڵێنی پابەندبوونی هەرێمیان پێدەدەین.

لەگەڵ بەردەوامی هەوڵی فراکسیۆنە کوردییەکان بۆ زامنکردنی بەشی کورد و پاراستنی بڕی ٣٢٠ ملیار دینارەکەی هەرێم وەک خۆیان ئاماژەیان بۆ دابوو بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوای مشتومڕێکی زۆر و بایکۆتکردنی دانیشتنەکەی پەرلەمان، بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران پرۆژە یاسای قەرزی دەرەکی پەسەند کرا.
بەختیار شاوەیس پەرلەمانتاری عێراق لەوبارەیەوە ئاشکرایکرد، بەبێ پارەی هەرێم پڕۆژە یاسای قەرز تێپەڕی، بەزۆرینەی شیعە و سونە یەکلایانکردەوە.
باسی لەوەشکرد،بە بایکۆت و چونە ژورەوە و هەوڵدان بۆ تێکدانی نیصاب، هیچ کەڵکی نەبوو، با ئەوانەی ئیدارەی هەرێم دەدەن و هەڵگری ئەم سیاسەتە شکستخواردوەی نەوتن ، فەرموو چارەسەری بکەن و موچەی خەڵک دابین بکەن.
بەهۆی ئەوەی کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی عێراق لە بەرەبەیانی ئەمڕۆدا کۆتایی هات، هەتا ئێستا نە هەڵوێستی ئەو پەرلەمانتارە نە حکومەت و پەرلەمانی کوردستان روون نییە، فەرمانبەرانی هەرێمیش بە بێ ئومێدییەوە لە چاوەڕوانی بیستنی زانیاری وردترن و دڵنییان بداتێ لەبارەی قوت و مووچەکانیان.
ئەمە لە کاتێکدایە رێباز حەملان دەبێتە یاریدەدەری سەرۆکی حکومەت بۆ کاروباری دارایی بە BMC راگەیاند، پارەی پێویست بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەبەردەستە، بەڵام چاوەڕێی ناردنی بڕی ٣٢٠ ملیار دینارەکە دەکەن لە بۆ دابەشکردنی مووچە.

گەرچی بەگوێرەی یاسای قەرزی دەرەکی کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ بڕیاری لەسەردرا، بۆ دابینکردنی موچەی سێ مانگی فەرمانبەرانە، بەڵام مەترسییەکە بەردەوامە.
بەختیار شاوەیس پەرمانتاری عێراق بە BMC راگەیاند، ئەگەر حکومەتی هەرێم نەیەتە سەر خەت و خۆی یەکلایی نەکاتەوە ئەوا پرۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢١یش دێتە پەرلەمان و هەر بەو شێوەیە بەبێ دابینکردنی پارەی هەرێم تێدەپەڕێنرێت.





ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا