سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، بەداخەوە
بە زۆرینە و بەبێ ڕەچاوكرنی پرەنسیپەكانی هاوبەشی و سازان و هاوسەنگی و بێ گوێدانە
سەرنج و تێبینی و پێشنیارەكانی نوێنەرانی هەرێمی كوردستان یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی
دارایی تێپەڕێنرا.
سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا
بڵاویكردەوە، بە نیگەرانی و بەوپەڕی گرنگییەوە دەڕوانێتە ئەم بابەتە و هەوڵەكانی دەخاتە
گەڕ بۆ پارێزگاری لە ماف و شایستەكانی خەڵكی كوردستان.
دەقی ڕاگەیەنراوی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان دەربارەی پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی.
دەربارەی یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی كە
ئەمڕۆ پێنجشەممە 12/11/2020 لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینە و بەبێ ڕەچاوكرنی
پرەنسیپەكانی هاوبەشی و سازان و هاوسەنگی و بێ گوێدانە سەرنج و تێبینی و پێشنیارەكانی
نوێنەرانی هەرێمی كوردستان تێپەڕێنرا، دەستخۆشی لە سەرجەم فراكسیۆنە كوردستانییەكان
و نوێنەرانی بەڕێزی هەرێمی كوردستان دەكەین كە یەكهەڵوێست بوون بۆ داكۆكیكرن لە
ماف و شایستەكانی گەلی كوردستان.
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بە نیگەرانی و بەوپەڕی
گرنگییەوە دەڕوانێتە ئەم بابەتە و هەوڵەكانی دەخاتە گەڕ بۆ پارێزگاری لە ماف و شایستەكانی
خەڵكی كوردستان، بۆ ئەم مەبەستە و لەپێناو یەكهەڵوێستیی لایەنە پەیوەندارەكانی هەرێمی
كوردستاندا لەسەر ئەم پرسە، كۆبوونەوەی هەرسێ سەرۆكایەتییەكانی هەرێمی كوردستان و
لایەنە پەیوەندارەكان و نوێنەرانی هەرێمی كوردستان لە حكوومەتی فیدرال و ئەنجومەنی
نوێنەران ساز دەكرێت.
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
12/11/2020