سەرۆکایەتى پەرلەمان لەسەر تێپەڕاندنی یاسای قەرز راگەیەنراوێکى بڵاوکردەوە

کوردستان 12/11/2020

Alternate Text

‏  سەرۆکایەتى پەرلەمانی کورستان لەسەر تێپەڕاندنی یاسای قەرز راگەیەنراوێکى بڵاوکردەوە و ڕاگەیاندووە، "بە بێ رەچاوکردنی بەهاکانی پێکەوە ژیان و ھاوبەشی و بنەماکانی سیستمی فیدراڵی کە لە دەستوری عێراقدا چەسپێنراون‏، یاساکە تێپەڕێندراوە" .

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

راگەیەنراوێک لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە تێپەراندنی یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

بە نیگەرانیەکی قوڵەوە لە دوایین ھەنگاوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڕوانین،کە بە بێ رەچاوکردنی بەهاکانی پێکەوە ژیان و ھاوبەشی و بنەماکانی سیستمی فیدراڵی کە لە دەستوری عێراقدا چەسپێنراون، لەسەر بنەمای زۆرینە و بێ رەچاوکردنی مافی خەڵکی کوردستان، بەرەبەیانی ١٢ ی ١١ ی ٢٠٢٠ یاسای پڕکردنەوەی کورتھێنانی دارایی پەسەندکرد.  

ئەم ھەنگاوە، پێشێل کردنی گیانی پێکەوە ژیان و ھاوبەشییە و پێچەوانەی هێڵەگشتییەکانی رێککەوتنەکانی پێشووترە،هاوکات وەستانەوەیە دژ بە ھەر جۆرە لێکنزیکبوونەوەیەک بۆ چارەسەری کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لەسەر بنەماکانی دەستور.

بۆیە وێڕای سوپاس و دەستخۆشی زۆری خۆمان بۆ تەواوی فراکسێۆنە کوردستانیەکان و سەرجەم نوێنەرانی ھەرێمی کوردستان کە یەک ھەڵوێست و ھاوڕا بوون بۆ رەتکردنەوەی بەشدار بوون لە دانیشتنی دەنگدان، رایدەگەیەنین کە بە ھەماھەنگی لەگەل سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی ھەرێمی کوردستان و نوێنەرانی ھەرێمی کوردستان لە دامەزراوە فیدراڵییەکانی عێراق و دوای پرس و راوێژی فراکسێۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان ، دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت و ھەموو رەھەندەکانی ئەم پێشھاتە لێک دەدرێنەوە و ھەلوێست و بریاری یەکگرتووانە دەگیرێتە بەر چونکە ئەم بابەتە پەیوەندی بە ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستانەوە هەیە و ئەرک و بەرپرسیارێتی هاوبەش دەخاتە ئەستۆمان..
سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان ١٢ ی ١١ ی ٢٠٢٠

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا