وەزارەتی پەروەردەی عێراق رایگەیاند، بەهۆی ئەو
بارودۆخە نەخوازراوەى وڵاتی گرتووەتەوە ئەمساڵ پرۆگرامی خوێندن کەمدەکاتەوە و رێکاری تووند لە
قوتابخانەکاندا دەگرێتە بەر.
فەلاح قەیسی، بریکاری کارگێڕیی وەزارەتی پەروەردەی
عێراق رایگەیاندووە، "بڕیارمانداوە ئامادەنەبوونی قوتابیان، بە نەهاتن هەژمار
نەکرێت، چونکە ئەمساڵ ساڵێکی تایبەتە و جیاوازە لە ساڵانی خوێندنی رابردوودا".
هاوکات بریکاری کارگێڕیی وەزارەتی پەروەردەی عێراق
داوا لەو خێزانانە دەکات، کە ترسیان هەیە ئەگەر بیاننێرنەوە بۆ قوتابخانە منداڵەکانیان
تووشی کۆرۆنا ببن، "ئەوا با دڵنیابن ژینگە و کەشی تەندروستی بۆ قوتابیان دابینکراوە،
رێکاری تووندی پاککردنەوە و بەکارهێنانی ماسک دەگرنەبەر، لەگەڵ دەرمانپرژاندن لە هۆڵەکانی
خوێندن و قوتابخانەکان".
ناوبراو ئەوەشی وتووە، وەزارەتی پەروەردە داوای
لە بەڕێوەبەرە گشتییەکانی بەغدا و پارێزگاکان کردووە پشت بە شێوازی کورتکردنەوەی
پرۆگرامی خوێندن ببەستن لەکاتی خوێندن و تاقیکردنەوەکانی وەرزی و نیوەی ساڵ لە
چوارچێوەی پلانی ساڵی نوێی خوێندن.
ئەو بەرپرسە لە وەزارەتی پەروەردەی عێراق جەختی
لەوەش کردەوە، قوتابیان هەفتەی رۆژێک دەچنە قوتابخانە، کە دەبێتە تەواوکەری ئەو
زانیارییانەی لەڕێگەی هەرسێ کەناڵی پەروەردەی سەرەتایی، ناوەندی و دواناوەندی، هەر
وانەیەک ٣٠ خوولەکە، لەگەڵ رەچاوکردنی دووریی کۆمەڵایەتیی نێوان قوتابیان، نابێت هەر
پۆلێکیش لە ١٢ قوتابی زیاتربن.