ئەم پەرلەمانتارانە بەشداری کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم ناکەن

کوردستان 14/11/2020

Alternate Text

ژمارەیەک پەرلەمانتاری کورد لە بەغداد رایگەیاندووە، گرێدانی کۆبونەوەی سەرۆکایەتییەکانی هەرێم و نوێنەرانی کورد بەپێویست نازانن.

ئەمڕۆ شەممە ١٥ پەرلەمانتاری کورد لە بەغداد لەبارەی کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم تایبەت بە پرسی تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای قەرزی دەرەکی راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:

راگەیاندراوێک بۆ رای گشتی:
ئێمە ئەم پەرلەمانتارانەی لەخوارەوە ناومان هاتووە، رای گشتی ئاگادار دەکەینەوە کە گرێدانی کۆبونەوەی سەرۆکایەتییەکانی هەرێم و نوێنەرانی کورد بەپێویست نازانین. لەبەر ئەم هۆکارانەی خوارەوە:
یەک: حکومەتی عێراق و هەرێم بەرپرسیاری یەکەمی ئەم دۆخە هەڵدەگرن. پرسی موچە و نەوت رونەو پێویستی بە کۆبونەوەی نمایشکارانە نییە. هێشتا دەرفەت ماوە و حکومەتی هەرێم دەتوانێت وەفد بنێرێتە بەغدا و هەرچی زووە رێکەوتنێکی نوێ و گشتگیر و شەفاف و كۆنکرێتی لەگەڵ بەغدا واژۆ بکەن، لەسەر بنەمای دەستور نەک عیلاقاتی شەخسی و حزبی و سەفەقاتی ژێر بە ژێر.

دوو: دەسەڵاتدارانی هەرێم ئەم کۆبونەوانەیان زیاتر وەك نمایشێکی سیاسی دەوێت، تا لەو رێیەوە شەرعیەت بدەن بە سیاسەتە شکستخواردوەکانیان. ئێمەش ئامادەنین بەشێك بین لەو سیاسەتە.
سێ: خەڵکی کوردستان چاوەڕێی هیچ لەمجۆرە کۆبونەوانە ناکەن و باشترە حکومەتی هەرێم سەرقاڵی دابینکردنی موچەی فەرمانبەران بێت.
چوار: تا ئەم ساتە هيچ چاکسازییەکی راستەقینە نيه و قاچاخچێتی و دزینی سامان و داهاتەکان بەردەوامە و سەرباری ئەوەش دەیان چالاکوان و رۆژنامەنوس لە زیندانەکانی هەولێرو دهۆك و ناوچەکانیتردان، بەبیانوی نایاسایی و دەزگا ئەمنیەکانیش سەرقاڵی دروستکردنی تۆمەتی بێ بنەمان بۆیان.
دەیان هۆکاریتریش هەن کە وامان لێدەکات بەشداری ئەمجۆرە کۆبونەوە بێ بەرهەمانە نەکەین.
۱. احمد حاجی رشید
۲. رێبوار کریم محمود
۳. کاوە محەمەد
٤. سەرکەوت شەمسەدین
٥. سروە ونس
٦. یوسرا رەجەب
۷. غالب محمد علی
۸. بەهار محمود فتاح
۹. هۆشیار عەبدوڵا
۱٠. عەبدالباری مودەریس
۱۱. جەمال کۆچەر
۱۲. موسەننا ئەمین
۱۳. یوسف محمد
۱٤. رابون مەعروف
۱٥.سەلیم هەمزە

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا