سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان: سلێمانی هێمای شارێکی زیندووە

کوردستان 14/11/2020

Alternate Text

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەیادی دامەزراندنی سلێمانیدا رایدەگەیەنێت، هێمای شارێکی زیندووە کە لەڕەوتی مێژوویی خۆیدا لانکەی بەرخودان و ھێزی بەگژداچونەوەی داگیرکەران و داینەمۆی کوردایەتیەکی پاک و پێشکەوتنخوازبووە.

ئەمڕۆ شەممە ١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠، رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:

بە بیرم دێ سولەیمانی کە دارولمولکی بابان بوو
نە مەحکومی عەجەم نە سوخرە کێشی ئالی عوسمان بوو
ئەمڕۆ 236 ساڵ بەسەر دامەزراندنی شاری سلێمانیدا تێدەپەڕێت، ئەو شارە جوان و جیاوازەی لەسەردەستی برایم پاشای بابان لە 14 تشرینی دوەمی ساڵی 1784 یەکەمین بەردی بناغەی ھەر لەسەرەتاوە بۆ شار دانرا..
سلێمانی لەدامەزراندنیەوە بۆ ئێستا شاری ڕێچکەشکێن و داھێنانی ڕێبازە سیاسی و ئەدەبیەکانە، سەرقافڵەی پێشکەوتن و نوێبونەوەی ھەردەمی کۆمەڵگای کوردستانە، داھێنەر و بزوێنەری شۆڕش و ڕاپەڕین و بزوتنەوە سیاسیەکان و خاوەنی شوناسی ھەڵمەت و قوربانییە، هێمای شارێکی زیندووە کە لەڕەوتی مێژوویی خۆیدا لانکەی بەرخودان و ھێزی بەگژداچونەوەی داگیرکەران و داینەمۆی کوردایەتیەکی پاک و پێشکەوتنخواز بوە.
لەئەمڕۆشدا سلێمانی پایتەختی ڕۆشنبیری ھەرێمی کوردستانە لەھەرکاتێک زیاتر ڕەونەقی پێشکەتنخوازی و تەوژمی ژیاندۆستی و بیری لێبوردەیی و پێکەوەژیان تیایدا چرۆی ھیوا دەکات و پێمان دەڵێت وێڕای ئاستەنگی و دژواریەکان ، وێڕای کێشە و گرفتەکان، بەڵام چراخانی سلێمانی بۆ بنیاتنانی ئایندەیەکی گەشتر و پڕشنگدارتر و شایستەتر مایەی ھیوا و مژدەی بەردەوامبون و دەرکەوتنی ڕۆژگارێکی نوێیە.
لەم یادەدا سڵاو لە سلێمانی، شاری ڕۆشنبیری وجوانی، ھەر ئاوەدان و چراخان و پارێزراوبێت و ھەر ئاوا سەربەرز بمێنن خەڵکەکەی.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا