لیژنەی تەندروستی چین رایگەیاند، لە وشکانیی سەرەکی
وڵاتەکە لە رۆژی رابردوودا تەنها ٨ کەس توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.
ئەمڕۆ دووشممە ١٦ی تشرینی دووەم، لیژنەی تەندروستی چین
رایگەیاند، لە ئاماری نوێی تایبەت بە کۆرۆنا، لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا تەنها هەشت
حاڵەتی توشبوون تۆمارکراوە.
لیژنەکە راشیگەیاند، سەرجەمی ئەو کەسانەی توشبوون
گەشتیار بوون و هیچیان هاوڵاتی وڵاتەکە نەبوون.
بەگوێرە زانیاریەکان ژمارەی توشبووان لە وڵاتەکەدا کەمتر
بووەوە کە لە رۆژی شەممەی ئەم هەفتەیەدا تەنها ١٣ حاڵەتی توشبوون تۆمارکرابوو، تا ئێستاش لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەوە ٨٦ هەزار و ٣٤٦ کەس توشبوون و لەبەرامبەردا چوار هەزار و ٦٣٤ کەس گیانیان لەدەستداوە.
ئەمە لە کاتێکدایە سەرباری ئەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری وهان لە چین
بڵاوبووەوە و ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکە لە ملیارێک و ٤٠٠ ملیۆن کەس، بەڵام رۆژانە ژمارەی
توشبوون بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمە.