بنەماڵەی قادری حاجی عەلی سوپاسنامەیەکیان بۆ سەرجەم ئەمو هاوڵاتی و چین و توێژانە بڵاوکردەوە کە بەشداری پرسەی ناوبراویان کردووە.
ئەمەی خوارەوە دەقی
سوپاسنامەکەیە:
سوپاسنامە
خوشکان و برایان، دۆستان و دڵسۆزانمان، هاونیشتمانیانی
بەڕێز لە وڵات و دەرەوەی وڵات؛ زۆر سوپاسی وەفاداریتان و دەربڕینی هەستی کەسایەتی
و خۆشەویستی و پەرۆشیتان ئەکەین، کە هەر لەسەرەتای نەخۆشکەوتنی رەوانشاد کاک قادر
بە هەواڵپرسین و نزاکاردنتان، سەردانیکردنتان لە نەخۆشخانە و دواتریش لە مەراسیمی
بەخاکسپاردنیدا، هەروەها بەشداریتان لەپرسەکەدا وە سەرەخۆشیکردنتان بە نامە و تەلەفۆن
و سەردانیکردنمان لەگەڵماندا بوون.
زۆر سوپاسی بێ پایانمان بۆ سەرجەم پزیشک و کارمەندانی
تەندروستی و ئیداریی لە شاری پزیشکیی فاروق، کە بەوپەڕی دڵسۆزی و ماندوونەناسیەوە
بە درێژایی کاتی مانەوەی کاک قادر لە چاودێری و هەوڵی چارەسەرکردنیدا بوون.
هەروەها دەستخۆشی و سوپاسی زۆریشمان بۆ سەرجەم
دام و دەزگا حکومی و ناحکومیەکانی پارێزگای سلێمانی، و ئەو دۆستانەمان کە ئەرکی رێکخستن
و مەراسیمی گواستنەوەی روفاتی کاک قادریان خستە ئەستۆی خۆیان.
لێرەوە بە پێویستی دەزانین داوای لێبوردن لە
هاوڵاتیان بکەین، ئەگەر بەهۆی ئەو مەراسیمەوە هەر گرفتێکی هاتوچۆیان بۆ دروست بوبێت.
دەستخۆشی و سوپاسیشمان بۆ سەرجەم دەزگاکانی راگەیاندن،
کە بە شێوەیەکی شایستە رووماڵی مەراسیمەکەیان کرد.
هاونیشتمانیانی ئازیز،
جوانمەرگ کاک قادر لە تەمەنی درەوشاوەیدا چ بە
پێشمەرگەیی و شێوازە خاکیەکەی خۆی لە سەرکردەبوون، و هەم لە ژیانی سەربەخۆییدا سەلماندی،
کە تەنها کوڕی سلێمانی ئێمە نەبوو، بەڵکو موڵکی نیشتمان و گشت گەلەکەی بوو، بەڕێزیشتان بە نیشاندان و دەربڕینی
هاوماتەمیی خۆتان ئەو راستیەتان بۆی دوپاتکردەوە و رەوانیتان ئاسودەکرد.
کاک قادر دیاردەیەک بوو لە سەرچاوەی ئیرادە و
وزە بۆ هاندان بۆ بەئاشتی پێکەوە ژیان و
خۆشگوزەرانیی میللەتەکەی، هاوتەریب بۆ سەرنەوی نەکردن و بەرزڕاگرتنی شکۆی تاکی
کورد. ئەو ئامانج و خواستانەی بۆ گەل و نیشتمان، وە بیر و هزری ئازادی و دادخوازیی
بۆیان، مۆرک و رێچکەیەکن کە بەزیندوویی لەپاڵ ناوە شکۆدار و مەزنکەیدا هەر بەزیندوویی
ئەمێنن.
بەڕێزان هاوخەمی و بەشداریتان بە شێوازی جیاواز لەم کۆستە گەورەیەدا سەبوری و ئارامیمان
پێ دەبەخشێت. لە پەروەردگار داواکارین کاک قادر لەگەڵ کۆچکردووانی هەموان بە بەهەشتی
بەرینی خۆی شاد بکات و بە بەزەیی خۆی شیفای سەرجەم نەخۆشەکانمان بدات و مرۆڤایەتیش
لەم پەتا جیهانیە کوشندەیەبپارێزێت.
بەڕێزیشتان سەرفراز و تەندروستباش بمێنن و رێز
و سوپاسی دووبارەمان قبوڵ بفەرموون.
إِنَّا لِلّهِ وَإِنَّا إِلَيْهِ رَاجِعونَ
بنەماڵەی قادری حاجی عەلی