دەزگای مرۆیی مام هاوكاری بەشەناوخۆییەكانی زانكۆی سلێمانی دەكات

کوردستان 16/11/2020

Alternate Text

سەرۆكی دەزگای مرۆیی مام رایانگەیاند، وەك سەرەتایەك ئەمڕۆ دەزگاکەیان چەندین هاوكاری خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنای پێشكەش بە زانكۆی سلێمانی كردووە.

ئەمڕۆ  دووشەممە،  لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا لە هۆڵی كۆنفرانسی سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی، د. پێشڕەو حەمەجان یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی سلێمانی بۆ كاروباری خوێندكاران و  فەلاح سەڵاح  سەرۆكی دەزگای مرۆیی مام رایانگەیاند: وەك سەرەتایەك ئەمڕۆ دەزگای مرۆیی مام چەندین هاوكاری خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنای پێشكەش بە زانكۆی سلێمانی كردووە، كە هاوكارییەكان دەمامك و پاكەرەوە"معقم"و ئامێری پێوانەی گەرمی جەستەو پێوانەی ئۆكسجین و جلوبەرگی تایبەت بەخۆپارێزی بۆ تیمەكانی زانكۆ.

 هاوکات، پێشڕەو حەمەجان یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی سلێمانی بۆ كاروباری خوێندكاران سوپاسی دەزگای مرۆیی مامی كرد بۆ ئەو هاوكارییانە و رایگەیاندووە، وەك زانكۆی سلێمانی ژمارەیەكی زۆر خوێندكارمان هەیە كە بەشێكی زۆریان لە بەشەناوخۆییەكاندا دەمێننەوە، لەماوەی رابردوودا بەهۆی مەترسییەكانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە نەتوانراوە بەشەناوخۆییەكان بەڕووی خوێندكاراندا بكرێنەوە.
ناوبراو ئەوەشی وتووە، وەك زانكۆی سلێمانی بەردەوام لەخەمی خوێندنی خوێندكارانداین، ئەو سیستمە ئاوێتەیەی كە بۆ خوێندنی ئەمساڵیش لە زانكۆ پەیڕەو دەكرێت، بۆ پاراستنی گیانی خوێندكارانە و هەموولایەك دڵنیا دەكەینەوە بە كەمبوونەوەی مەترسییەكان بارودۆخەكە ئاسایی دەكەینەوە، وتیشی: هیواداین هەموولایەك تەندروست و سەلامەت بن.

 لە کۆتایشدا سەرۆكی دەزگای مرۆیی مام رایگەیاند دەزگای مرۆیی مام هەمیشە لە خەمی خوێندن و زانستدابووەو لەم باودۆخە ناهەموارە ئابورییەشدا بە ئەركی سەرشانی خۆی دەزانێت هاوكاری خوێندكاران و زانكۆ بكات، لە پێناو بەردەوامبوونی خوێندن و پاراستنی گیانی خوێندكاراندا، ئەمڕۆش وەك سەرەتاییەك، كۆمەڵێك پێداویستی خۆپارێزی بۆ زانكۆی سلێمانی دابین كردووە، كە دەمامك و پاككەرەوە "معقم" و ئامێری پێوانەی گەرمی جەستەو پێوانەی ئۆكسجین و جلوبەرگی تایبەت بەخۆپارێزییە بۆ تیمەكانی زانكۆ، جەختیشیكردەوە لە داهاتووشدا هاوكارییەكان بۆ خوێندكاران بەردەوامدەبێت.


ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا