تەندروستی هەڵەبجە رایگەیاند،
ئەو بودجەیەی بۆیان تەرخانکراوە بۆ ڕووبەرووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەرەو تەواوبوون
دەچێت و کۆگاکانی دەرمانیش بەرەو خاڵیبوون دەچن.
د.
شاناز نەقشبەندی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا
ڕایگەیاندووە، ئەو ژمارانەی کە بڵاودەکرێنەوە تەنها ئەوانەن کە پشکنینی ( پی سی ئاڕ)
یان ئەنجام داوە، دەنا ڕێژەی توشبووان زیاترە لەو ژمارانەی بڵاودەکرێنەوە و هەردوو
سەنتەری کۆرۆنا لە هەڵەبجە لە پڕبووندان و سەرجەم نەخۆشەکانی ناو نەخۆشخانەکانیش دۆخی
تەندروستیان ناجێگرە .
وتەبێژی تەندروستی هەڵەبجە
ئەوەشی وتووە، ئەو بودجانەی بۆمان تەرخانکرابون بەرەو تەواو بون دەچن و کۆگاکانی دەرمانیشمان
بەرەو خاڵی بون دەچن، گرفتی مرۆیی لە کەمی پزیشک و کارمەندمان هەیە، کە ناتوانین سەنتەری
سێیەم لە هەڵەبجە بکەینەوە و هاوڵاتیانیش وەک پێویست پابەندنابن و ئەوانەی توش دەبن
خۆیان لە ماڵەوە کەرەنتین ناکەن .
بە پێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی
گشتی تەندروستی هەڵەبجە تاوەکو ئێستا ١٢٠ هاوڵاتی لە نەخۆشخانەکانی تایبەت بە ڤایرۆسی
کۆرونا لە هەڵەبجە گیانیان لەدەستداوە، لەو ڕێژەیەش ٤٨ کەسیان خەڵکی دەرەوەی پارێزگای
هەڵەبجەبون، ٤ هەزار و ٦١٩ پشکنین ئەنجام دراون و ٢هەزار و ٨٠٠ حاڵەتی توشبون و ٢
هەزار و ٦٠٠ حاڵەتی چاکبونەوەش تۆمار کراون.