جۆ بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا رایگەیاند، بەهۆی
پەکخستنی پڕۆسەی ئاڵوگۆڕکردنی دەسەڵات لەلایەن ترەمپ و ئیدارەکەی، خەڵکی وڵاتەکە
گیان لەدەستدەدەن.
بەهۆی قبوڵنەکردنی بایدن و هاریسی جێگری، دۆناڵد ترەمپ
رەتی دەکاتەوە رێگە بە پرۆسەی ئاڵوگۆڕکردنی دەسەڵات بدات ، ئەمەش بووەتە
هۆی نیگەرانی بۆ ئیدارەکەی بایدن، چونکە بەهۆی پەکخستنەکەوە تیمەکەی بایدن ناتوانن
دەستیان بگات بەو زانیارییانەی تایبەتن بە ڤاکسینی کۆرۆنا و پڕۆسەی دابەشکردنی،
لەو باریەشەوە بایدن لە وتارێکدا وتی کە ئەمە دەبێتە هۆی گیان لەدەستدانی
هاوڵاتیانی ئەمریکی و پێویستە هەماهەنگی هەبێت لە نێوان هەردوو تیمەکەدا تا پرۆسەکە
بەشێوەیەک بڕوات لە بەرژەوەندی گەلی ئەمریکادا بێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە سێی تشرینی دووەم هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا
بەڕێوەچوو و جۆ بایدن، بەربژێری پارتی دیموکراتەکان توانی بە جیاوازییەکی زۆر ژمارەی
کورسی پێویست بەدەستبهێنێت بۆ سەرکەوتن بەسەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئێستا، بەڵام دوای تێپەڕینی دوو هەفتە بەسەر هەڵبژاردنەکاندا، هێشتا
ترەمپ ئەنجامەکانی قبوڵ نیە و سورە لەسەر ئەوەی ساختەکردن لە پڕۆسەکەدا کراوە،
بۆیە رەتی دەکاتەوە دەستبە پڕۆسەی ئاڵوگۆڕکردنی دەسەڵات بکات.