قوباد تاڵەبانی: هیچ بیانوویەك نەماوە بۆ ڕاگرتنی مووچەی فەرمانبەران

کوردستان 17/11/2020

Alternate Text

جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم و سەرۆكی شاندی دانووستانكاری هەرێم لەگەڵ بەغدا ڕایگەیاند، هەموو داوایەكی دەستووری و بەجێمان قبوڵ كردووە و هیچ بیانوویەك نەماوە بۆ ڕاگرتنی مووچەی فەرمانبەران.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە کۆڕبەندی ئابووری کوردستان لە‌ لە‌ندن،  كە بە ئۆنلاین ئەنجامدرا ، ڕایگەیاندووە،  "ئێمە بەردەوامین لە گفتوگۆ و ئامادەیی ڕێككەوتنین لەسەرجەم بوارەكانی نەوت و غاز و دەروازە سنوورییەكان".

قوباد تاڵەبانی ڕاشیگەیاندووە،  "هەمەجۆرکردنی ئابووری لە پێشەنگی كارەكانی حکومەتی هەرێمە و ئامادەیی خۆشمان نیشانداوە بۆ رێککەوتن لەگەڵ بەغدا سەبارەت بە بەڕێوەبردنی نەوت و خاڵە سنوورییەکان و وردبینی كردن لە داهاتی شەش ساڵی ڕابردوودا و هەموو داوایەکی دەستووری و بەجێ، کە لێمان کرابێ قبوڵمان کردووە، بۆیە هیچ پاساوێکی تر نەماوەتەوە بۆ بەردەوامبوون لە راگرتنی مووچەی فەرمانبەران لەلایەن بەغداوە".

جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم  دەشڵێت،  "هەندێک هەنگاوی جددیمان ناوە بۆئەوەی جوتیارانمان کەمتر پشت بە حکومەت ببەستن، ئەمەش لەڕێگای هاندانی کەرتی تایبەت هەتا بتوانن رۆڵی گەورەتر بگێڕن لە گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ لە هەرێمەکەمان. لەبری پشت بەستن بە بەغدا هەتا گەنمی جوتیارانی کوردستان بکڕێت و دواتریش پارەکەیان نەدات، ئێمە بەم دواییانە هاوبەشیمان کردووە لەگەڵ کەرتی تایبەت بۆئەوەی ڕاستەوخۆ گەنمی خۆمان لەناوخۆدا بەبازاڕ بکرێت".

ئەمەش لە کاتێکدایە لە دوای پەسەندکردنی یاسای قەرز بە بێ کورد مەترسی ئەوە بڵابوویەوە کە بەغدا پارەی موچەى هەرێم نەنێرێت و بەڵام دواتر لە ڕێگەى وتەبێژى سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە دڵنیایی ئەوە درا کە ٣٢٠ ملیارەکە بۆ هەرێم دەنێرن.



ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا