نێچیرڤان بارزانی: فرسەت سۆفی کەسێکی دڵسۆز و دەستپاک و نیشتیمانپەروەر بوو

کوردستان 18/11/2020

Alternate Text

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی کۆچی دوایی فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر پەیامێکی ئاڕاستەی بنەماڵەکی کرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە ١٨ی تشرینی دووەم، فرسەت سۆفی، پارێزگاری شاری هەولێر دوای توشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و دوای مانگێک لە ململانێ لەگەل نەخۆشیەکە ئەمڕۆ کۆچی دوایی کرد، بەو بۆنەیەشەوە نێچیرڤان بارزانی پەیامێکی ئاڕاستەی بنەماڵەکەی کرد.

دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
بەبۆنەی كۆچی دواییی د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێره‌وه‌، لە دڵەوە خەمگینی و ماتەمینیی خۆمان ڕادەگەیه‌نین و سەرەخۆشی لە خێزان و كەسوكاری و هەموو خەڵكی پارێزگای هەولێر و کوردستان دەكەم.
د. فرسەت سۆفی هەر لەسەرەتای تەمەنییەوە ڕۆڵێكی گرنگی لە ڕیزەكانی یەكێتیی قوتابیانی كوردستاندا گێڕا، دواییش وەك كادیرێكی پێشكەوتوو لە بواری كاری جەماوەریدا ڕۆڵی هەبوو، هەروەها وەك پەرلەمانتارێكی چالاك و یاساناسێكی لێهاتوو ڕۆڵێكی زۆر بەرچاوی لە پەرلەمانی كوردستاندا هه‌بوو. كارزانی، دەستپاكی، نیشتیمانپەروەری و دڵسۆزیی د. فرسەت، ئەوی كردبووە كەسێكی خۆشەویست و جەماوەری.
دوای وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری هەولێر، زۆر بە دڵسۆزییەوە بەدەم كێشەكانی خەڵكەوە دەچوو، زۆر پڕۆژەی هەبوون بۆ پێشخستنی زیاتری شاری هەولێر و هەموو ناوچەكانی پارێزگای هەولێر. بەداخەوە مەرگ ڕێگەی نەدا زیاتر خزمەتی هەولێر و كوردستان بكات.
خوای مه‌زن گیانی به‌ به‌زه‌یی و میهره‌بانیی خۆی شاد بكات و دڵنەوایی بە هەموو لایەك ببەخشێت. كار و دڵسۆزیی د. فرسەت سۆفی، هەمیشە لە یادی ئێمەدا دەمێنێتەوە.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا