باشترە دایکان ڕێگە بە منداڵەکانیان بدەن لەکاتی نانخواردندا یاری بە خواردنەکان بکەن، چونکە چالاکی مێشکی زیاتر دەکات و هۆکارێکیشە بۆ راگرتنی هاوسەنگی جوڵەی دەست و چاوەکانی.
منداڵ لە تەمەنی یەک ساڵی تا سێ بۆ چوار ساڵی شێوازەکانی نانخواردن بە باشی نازانێت، تا ئەو کاتەی تێردەبێت حەز دەکات یاری بەخواردنەکە بکات و جار جارە بڕێکی کەمی لێبخوات، ئەمەش دەبێتەهۆی بێزاری دایکان و ناچار خۆیان خواردن بە منداڵەکانیان دەدەن.
لە هەواڵێکی ماڵپەڕی "سۆمەریە"دا هاتووە باشترە دایکان ڕێگە بە منداڵەکانیان بدەن یاری بە خواردنەکانیان بکەن، چونکە کۆمەڵێک سودی بۆ منداڵەکە دەبێت، لەوانەش:
- نانخواردنی منداڵ بە شێوەیەکی هەڕەمەکی ئاشنای دەکات بە شێوازەکانی نانخواردن و ئەتەکییەتی خواردن.
- یاریکردنی منداڵ بە خواردنەکەی چالاکی مێشکی زیاتر دەکات و فێر دەبێت چۆن هاوسەنگی لە نێوان جوڵەی چاوەکانی و دەستی ڕابگرێت و بچێت بۆ شتێک کە هی خۆیەتی.
- منداڵ لەکاتی دەستدانی لە خواردنەکە یارمەتی دەدات کە چۆن چارەسەری کێشەکانی بکات و چی ناڕێکبێت بەلایەوە چارەسەری بکات.
- نانخواردنی منداڵ بەدەستی خۆی زیاتر هەستی تێربوونی پێدەدات و زیاتر سود لە خواردنەکە دەبینێت.
لە هەواڵەکەدا ئامۆژگاری دایکان دەکرێت نابێت لەو کاتەی منداڵەکە بەوجۆرە ناندەخوات دەست و دەمی و شوێنی نانخواردنەکەی پاکبکرێتەوە، چونکە هۆکارێکە بۆ ئازاردانی لایەنی دەروونیی منداڵ و هەستی بڕوابەخۆبوونی لەلا کەمدەبێتەوە و ئارەزووی خواردن لەدەستدەدات.
واباشترە دایک لەو کاتانەدا چاوەڕێی منداڵەکەی بکات تا لە نانخواردن تەواودەبێت، پاشان منداڵەکە و جێگەی نانخواردنەکەی پاکبکرێتەوە.