توێژینەوەیەکی پزیشکی نوێ ئاشکرایکردووە، خواردنی نانی ئێوارە لە نیوەی شەو و پێش خەوتن مەترسیدارە.
ماڵپەڕی "ئیندیپێندێنت"ی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە، گروپێکی توێژەران لە پەیمانگای پزیشکی سەر بە زانکۆی بەرشەلۆنە لە توێژینەوەیەکدا ئاشکرایان کردووە، خواردنی ژەمی ئێوارە لە نیوەی شەو و لە کاتی خەوتندا کرداری زیندەپاڵ خێرادەکات و ئەمەش وادەکات هۆرمۆنەکانی جەستە تێكبچن.
گروپی توێژەران ئاماژە بەوەدەکەن کە خواردنی نانی ئێوارە بە ڕێكوپێکی و لەکاتی خۆیدا، ئەگەری تووشبوونی ژنان بە شێرپەنجەی مەمك کەمتر دەکات و لە پیاواندا ئەگەری تووشبوون بە پرۆستات کەمتر دەکات بە ڕێژەی %٢٥، بەپێچەوانەوە ئەگەر بە ناڕێکی و لە کاتێکی درەنگدا ئەو ژەمە بخورێت ئەگەری تووشبوون بەم نەخۆشییە زیاتر دەکات.
لەو بارەیەوە مانولیس کۆجفیناس یەکێك لە ڕێکخەرانی تویژینەوەکە دەڵێت: "ئەنجامی توێژینەوەکەمان دەریخستووە، خواردنی ژەمەکان لە کاتی خۆیدا ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە کەمدەکاتەوە، چونکە پەیوەندی هەیە لە نێوان سیستمی خۆراکی لەگەڵ شێرپەنجەدا."