بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بەشە بودجەی هەرێم لە پرۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢١ بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد دەبێت.
ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بە رۆژنامەی ئەلسەباحی راگەیاندووە، بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی رێککەوتنێکی نوێ بۆ ساڵی ٢٠٢١ دەبێت.
ئەو پەرلەمانتارە ئاشکراشیکردووە، بەم نزیکانە هەرێم دوو وەفد دەنێرێتە بەغداد، وەفدێکی سیاسی و وەفدێکی تەکنیکی، بە مەبەستی جێگیرکردنی پشکی هەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجە، بە شێوەیەک نیگەرانی موچەخۆرانی هەرێم بڕەوێنێتەوە.
گەرچی بڕیار بوو لە ناوەراستی مانگی رابردوو پرۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢١ بچێتە پەرلەمانی عێراق، بەڵام دواکەوت، بە وتەی ئەحمەد سەفاریش بەو هۆیەوە مووچەی مانگی کانوونی دووەم هەفتەیەک یان دووان دوادەکەوێت.