قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، رۆژی شەهیدی یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان رۆژێکی پیرۆزە لە مێژووی پڕ سەرەوەری حیزبی شەھیدان و رۆژی نوێكردنەوەی پەیمان و وەفایە بۆ ئامانجەكانی یەکێتی.
ئەمڕۆ شەممە ٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رۆژی شەهیدانی یەکێتی پەیامێکی بڵاوکردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:
رۆژی شەهیدی یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان رۆژێکی پیرۆزە لە مێژووی پڕ سەرەوەری حیزبی شەھیدان، رۆژی نوێكردنەوەی پەیمان و وەفایە بۆ ئامانجەكانی یەکێتی و گەلەکەمان کە ھەزاران تێکۆشەر و رۆڵەی بە ئەمەک لە شاخ، لە زیندانەکانی بەعس و لە بەرەکانی شەڕی تیرۆر، گیانیان لەپێناویدا بەخشی.
ھەروەھا رۆژێکیشە بۆ بەخۆداچوونەوەی هەموو یەکێتییەکی دڵسۆز تا بزانین چەندە رەفتار و هەڵسووکەوتەکانمان لەگەڵ ئەو رێبازەی کە هەڤاڵەکانمان گیانی خۆیان لەپێناویدا بەخت کرد، تەبا و هاوتان.
لەم رۆژە پیرۆزەدا سەری رێز و نەوازش بۆ گڵكۆی یەک بە یەکی شەهیدانی یەکێتی و هەموو شەهیدانی گەلەکەمان دادەنوێنین، یاد و بیرەوەرییان بۆ هەتاهەتایە لەناو دڵماندا بە زیندوویی رادەگرێن، هەروەها سڵاوی وەفاداری و ئەمەکیش بۆ کەسوکاری سەربەرزیان دەنێرین.
درود بۆ گیانی سەرۆك مام جەلالی رابەر و ھەموو شەھیدانی رزگاریخوازی گەلەكەمان.