دوو دۆکیومێنت و دنیایەک پرسیار! بێگومان لە یادی شەهیدانی یەکێتیدا

کوردستان 21/11/2020

Alternate Text

نوسەرێکی کورد، چەند بەڵگەنامەیەک دەخاتە روو کە لەسەردەمی رژێمی بەعسی پێشوودا دوای ئەوەی بڕیاری لەسێدارەدانی ژمارەیەک گەنجی شاری سلێمانی دەدرێت، تەمەنەکیان گەورە دەکرێت بە مەبەستی جێبەجێکردنی.

خەبات عەبدوڵای نووسەر لە یادی رۆژی شەهیدانی یەکێتیدا نووسینێک و چەند بەڵگەنامەیەکی خستووەتە روو کە ئەمە دەقەکەیەتی:

دوو دۆکیومێنت و دنیایەک پرسیار!  بێگومان لە یادی شەهیدانی یەکێتیدا

دۆکیومێنتی یەکەم: پاش ئەوەی لیژنەی ئەمنیی بەعس لە سلێمانی بە سەرۆکایەتی پارێزگاری پێشووتری سلێمانی جەعفەر عەبدولکەریم بەرزنجی، بڕیاری گوللەبارانکردنی ئارام حەمە کەریم، سەردار عوسمان و هیوا فایەق لە ڕۆژی ١٩٨٥/١٢/١٧ لەبەردەم ئامادەیی ڕۆشنبیری سلێمانی و بەبەرچاوی خەڵکەوە دەدات و لاشەکانیان لەڕێی شارەوانییەوە و دوور لە چاوی کەسوکارەکانیان هەر یەکەیان لە گۆڕستانێک گۆڕغەریب دەکات، هەمان لیژنەی ئەمنی خانووەکانیان دەڕوخێنن و خێزانەکانیان دەستبەسەر دەکەن. پاشان لەڕێی لیژنەیەکی (عەقاراتی دەولە) لە سلێمانی، بڕیاری بەتاڵانبردنی ماڵەکانیان و فرۆشتنی کەلوپەلەکانیان لە زیادکردنێکی ئاشکرادا، دەدەن.

زۆربەی ئەندامانی لیژنەکە بەداخەوە کورد بوون. (بڕوانە دۆکیومێنتی ژمارە ١: نموونەیەک لە فەرمانی لیژنەی بەتاڵانبردن).


دۆکیومێنتی دووەم: بەمەبەستی جێبەجێکردنی بڕیاری لەسێدارەدان بۆ ئەوانەی تەمەنیان خوار هەژدە ساڵ بووە، داودەزگە ئەمنییەکانی بەعس لە سلێمانی لەڕێی لیژنەی تەندروستییەوە و بەناوی ڕاستکردنەوەی تەمەن، پەنایان بردۆتە بەر گەورەکردنی تەمەنی زۆرێک لەو گیراوانەی تەمەنیان هەژدە بەهاری تێنەپەڕاندبوو .
زۆربەی ئەندامانی لیژنە تەندروستییەکە بەداخەوە کورد بوون. (بڕوانە دۆکیومێنتی ژمارە ٢).


دەربارەی دۆکیومێنتی یەکەم: پاش ڕوخانی فاشیزمی بەعسی و هەڵاتنی پارێزگاری پێشووتری سلێمانی (ئەم جارەیان) لە بەغداوە بۆ سلێمانی، کەسوکاری شەهیدانی ئامادەیی ڕۆشنبیری سلێمانی لەڕێی دادگاوە سکاڵایان لەسەر ناوبراو تۆمارکرد. بەڵام لەبەرئەوەی بەقسەی کەسوکاری شەهیدەکان ناوبراو لە ماڵی یەکێک لە بەرپرسە دەستڕۆیشتووەکانی یەکێتی داڵدە درابوو، دادوەرە بەڕێزەکە دەستبەرداری بەدواداچوونی کەیسەکە بوو، دواتریش پارێزگاری تاوانبار دەرباز کرا و بەرەو دەرەوەی عێراق بۆ دواجار هەڵات. (بڕوانە سکاڵای کەسوکاری شەهیدانی ئامادەیی ڕۆشنبیری سلێمانی).


دەربارەی دۆکیومێنتی دووەم: دایکی یەکێک لەو شەهیدانەی کە تەمەنی کوڕەکەی بەمەبەستی لەسێدارەدان گەورە کراوە، سکاڵای لەو دکتۆرە کوردانە کردووە کە لیژنە بوون و تەمەنی کوڕەکەیان بەمەبەستی لەسێدارەدانی، ساڵێک بۆ گەورە کردووە. هەروەها سکاڵاشی لەو لیژنەیە کردووە کە پاش ئەو کارەساتەی بەسەریدا هاتووە و جگەرگۆشەکەی لەدەست داوە، ماڵەکەشیان بەتاڵان بردوون. (بڕوانە سکاڵای دایکی شەهیدەکە).


بۆ زانین: بەشێک لە ناوی ئەو کەسانەی لیژنە بوون و ناویان لەسەر دۆکیومێنتەکان هاتوون، سڕیومنەتەوە. ئەوانە حاڵی حازر بەشێکیان پۆستیان هەیە، بەشێکیان پارە، یاخود لە هەردووکیان بەهرەمەندن.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا