داخستنی قوتابخانەکان رۆڵی لە کەمبوونەوەی تووشبووانی کۆرۆنا هەبووە؟

کوردستان 22/11/2020

Alternate Text

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، داخستنی قوتابخانەکان تا رادەیەک رۆڵی لە کەمبوونەوەی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا هەبووە و بەڵام هێشتا ژمارەی توشبووان زۆرە.

د. ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان،  بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە، "سبەی [دووشەممەوەزیری تەندروستی لەگەڵ لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە، رەوشی کۆرۆنا و پێشهاتەکان لە بواری تەندروستیدا لە هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکرێت، ئەمە جاری یەکەمیش نییە، بەڵکو چەندین جاری دیکە وەزیری تەندروستی لەگەڵ بەڕێزان لە لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەتەوە."

د. ئاسۆ حەوێزی ڕاشیگەیاندووە، "لە کۆتاییەکانی مانگی ٩وە تاوەکو سێ بۆ چوار رۆژ پێش ئێستا ژمارەکان بە بەردەوام لە بەرزبوونەوەدابوون، بەخۆشحاڵییەوە چەند رۆژێکە ژمارەکان روو لە دابەزینن، هۆکارەکەشی رێنماییە تەندروستییەکان و تووندکردنی رێکارەکان بووە بە تایبەتی لە شوێنە داخراوەکان و، هاوکات دەتوانین بڵێین داخستنی قوتابخانەکان تا رادەیەک رۆڵی هەبووە. هەروەها هەڵمەتی هۆشیاریی تەندروستی و زیادبوونی هۆشیاری لای خەڵک، ئەگەرچی هێشتا لە ئاست خواستی ئێمەدا نییە. هیوادارین خەڵک زیاتر پابەند بێت."

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هۆشداری دەدات لەوەی داکشانی ئامارەکانی تووشبوون ببێتە هۆی ئەوەی خەڵک پشت لە رێنماییەکان بکەن و بە پێویستی دەزانێت خەڵک لە گرتنەبەری رێکارەکان بۆ خۆپارێزی بەردەوام بن.

ئاسۆ حەوێزی هۆکاری زۆریی ژمارەی مردنیش بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە "چەند ژمارەی تووشبوونمان زیاتربێت، ئەوەندەش حاڵەتی خراپمان زیاتر دەبێت کە نەخۆشی مەترسیداریش زۆر بوو، رێژەی مردن بەرز دەبێتەوە یان هەروەک خۆی دەمێنێەوە."

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی چەند هۆکارێکیش بۆ حاڵەتە خراپەکان و مردن بە خاڵ دەستنیشان دەکات و دەڵێت بریتین لە زۆریی ژمارەی تووشبووان و  پێدانی چارەسەری هەڵە لە لاکۆڵانەکان و بەدەر لە رێنماییە پزیشکییەکان و وەزارەتی تەندروستی .

ئاسۆ حەوێزی بە پێویستی دەزانێت ئەو نەخۆشانەی لە ماڵەوە دەمێننەوە پەیڕەوی لە چەند شتێک بکەن لەوانە: چۆنیەتیی مانەوەی لە ماڵەوە، خواردنی، مامەڵەی لەگەڵ کەسوکاری، نووستنی، ئەو شوێنەی لێی دەمێنێتەوە داخراوە یان کراوە، هەواگۆڕکێی تێدایە یان نا، تەنانەت کە لە کۆرۆناش چاک دەبێتەوە کە هاتە دەرەوە دەبێت بزانێت چۆن خۆی و دەوروبەرەکەی دەپارێزێت.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا