حکومەتی هەرێم راگەیەندراوێکی لەبارەی چوونی شاند بۆ بەغدا بڵاوکردەوە

کوردستان 23/11/2020

Alternate Text

حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە هەرکاتێک پێویست بێت شاندی هەرێم ئامادەیە سەردانی بەغدا بکات.

ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆکی حکومەتی هەرێم و جێگری سەرۆکی حکومەت و شاندی دانوستانکاری نێوان هەرێم و بەغدا کۆبوونەوە و دواتر راگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، ستایشی ھەوڵ و ماندوبوونی شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کردووە، لە دانوستانەکانیان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی و داکۆکیکردن لە  شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و لە پێش هەموویانەوە موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

ئاماژە بەوەشکراوە، "لە کۆبوونەوەکەدا جەخت کراوەتەوە لەوەی شاندی دانوستانکاری هەرێم لایەنی فەرمی گفتوگۆیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی و بەهیچ شێوەیەک حکومەتی هەرێم سازش لە مافە دەستورییەکان و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان ناکات."

ئەوەشی تێدا هاتووە ، "هەر لە کۆبوونەوەکەدا، پرۆسەی گفتوگۆی حکومەتی هەرێم لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی تاوتوێکراوە، هاوکات شاندی هەرێمی کوردستان لەهەر کاتێک بە پێویستی بزانێت، ئامادەیە سەردانی بەغدا دەکات."
لە ماوەی رابردوودا، شاندی هەرێم و بەغدا لەسەر زۆربەی بابەتەکان گفتوگۆیان کردووە، بەڵام هۆکاری سەردانەکەی ئەمجارەیان زیاتر پەیوەستە بە پەسەندکردنی یاسای کورتهێنانی دارایی (یاسای قەرز) لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە کە تێیدا رێگە بە ناردنی هیچ بڕە پارەیەک بۆ هەرێم نادات تاوەکو نەوت رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ نەکرێت.

لەدوای ئەوەی پەرلەمانی عێراق یاساکەی پەسەندکرد، سێ سەرۆکایەتیەکەی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە و تێیدا، بڕیاردرا شاندێک رەوانەی بەغدا بکەن.


ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا