چەند زانیارییەکی نەبیستراو لە بارەی نەخۆشی بەڵەکی

تەندروستی 24/11/2020

Alternate Text

 بە گوێرەی توێژینەوە پزیشکییەکان نەخۆشی بەڵەکی لە ئەنجامی نەخۆشییەکانی بەرگری لەش تووشی مرۆڤ دەبێت و هێرش دەکاتە سەر خانەکانی رەنگی پێست کە بە خانەکانی میلانینی ناسراوە و ١٪ مرۆڤیش تووشی ئەو نەخۆشییە دەبن.

دکتۆر مەڕوە عەبدوڵا، پسپۆر لە نەخۆشییەکانی پێست رایدەگەیەنێت، نەخۆشی بەڵەکی بە یەکێک لە نەخۆشییەکانی بەرگری لەشی مرۆڤ دادەنرێت و هێرش دەکاتە سەر رەنگی پێستی مرۆڤ، بە هۆیەوە پێستی مرۆڤ رەنگەکەی لەدەست دەدات و لە شێوەی پەڵەی سپی دەردەکەون ، بەڵام هیچ کاریگەرییەک ناخاتە سەر تەندروستی پێستی مرۆڤەکە .

ئەو پسپۆڕە راشیگەیاندووە ، ٥٠٪ ئەو کەسانەی تووشبوانی ئەو نەخۆشییە  لە تەمەنی خوار ٢٠ ساڵن نەخۆشییەکەیان لێ بەدەر دەکەوێت، زۆربەی کات منداڵان لە تەمەنی ٣ یاخود ٤ ساڵان تووشی دەبن و سەرجەم دانیشتوانی سەر گۆی زەوی دەگرێتەوە بە بێ جیاوازی ناوچەیی ، بەڵام لەو کەسانە روونتر دەردەکەوێت کە رەنگی پێستیان کاڵە.

لە بارەی چارەسەری ئەو نەخۆشییەوە دکتۆرە مەڕوە دەڵێت، هاوشێوەی زۆربەی نەخۆشییەکانی دیکەی لاوازی بەرگری لەشی مرۆڤ، بەڵەکیش چارەسەری هەیەو دەبێت لە ماوەی ٦ مانگی سەرەتای دەرکەوتنی نەخۆشییەکەوە دەست بە وەرگرتنی چارەسەر بکرێت لە رێگەی تیشکی سەرووی بنەوشەیی و وەرگرتنی داو ودەرمانی تایبەتەوە.

چارەسەری سەرەکی ئەو نەخۆشییە تیشکی سەرووی بنەوشەییە ، چارەسەری پێشوەختیش رۆڵیکی باش لە چارەسەرکردنی نەخۆشی بەڵەکی دەگێڕێت.

هاوکات چەندین ئامرازی دیکەی جوانکاری بۆ چارەسەری بەڵەکی هەیە، بە تایبەت لە رێگەی " تاتۆی پزیشکی " وە توێژینەوە پزیشکییەکان دەریانخستووە کە هۆکارەکانی تووشبون بەو نەخۆشییە بۆماوەییە، کاریگەری ژینگەیی و دەروونی هۆکارێکی دیکەی توشبوونن بەو نەخۆشییە و دەبێت توشبووان خۆیان بە دوور بگرن لە وەستان بەرانبەر تیشکی سەرووی بنەوشەیی بۆ ماوەیەکی زۆر و دووجاری فشاری دەروونی نەبن.





ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا