عەرەبی هاوردە بەرۆکی جوتیارانی کوردی ناوچە جێناکۆکەکان بەر نادەن

ڕاپۆرت 24/11/2020

Alternate Text

 ملیۆنێک و ٣٠٠ هەزار دۆنم زەوی کوردی ناوچە جێناکۆکەکان کە لە سەردەمی بەعسدا دەستی بەسەردا گیراو درا بە عەرەبی هاوردە، پاش پرۆسەی ئازادی عێراق  بە بڕی ٢٠ ملیۆن دینار قەرەبوو کرانەوە  گەڕانەوە خوارووی عێراق، جوتیارانی کورد هاتنەوە سەر زێدی خۆیان و ماوەی ١٤ ساڵە کاری جوتیاری دەکەن، بەڵام بە هۆی رووداوەکانی ساڵی ٢٠١٧ەوە وە جارێکی دیکە عەرەبی هاوردە گەڕانەوە ناوچەکە و دەستیان بە سەر بەشێک لە زەوی و زاری کورد گرتەوە.

زۆرترین ئەو ناوچانەی رووبەڕووی شاڵاوی تەعریب بوونەتەوە برتین لە قەزای دووبز، داقوق و ناحییەی لەیلان لە سنوری پارێزگای کەرکوک ، دواهەمینیان هاتنی زیاتر لە ٥٠ کەس عەرەبی هاوردەیە بۆ گوندی قەرەدەرەی سەر بە قەزای دووبز لە چەند رۆژی رابردوودا.

 لوقمان ساڵەیی، کارگێری مەڵبەندی ٢ی یەکێتی لە کەرکوک و دانیشتووی گوندی قەرەدەرە بە BMC راگەیاند، چەند رۆژێک لەمەوبەر ژمارەیەک عەرەبی هاوردە کە ژمارەیان نزیکەی ٥٠ کەس دەبێت هاتوونەتە ناوچەکەو بە نیازن گوندێکی دیکە لە نێوان هەردوو گوندی عەمشەو قەرەدەرە دروست بکەن و سەرجەمیان بە گرێبەستی سەردەمی بەعسیان لە لایەن دادگای کەرکوکەوە بۆ نوێ کراوەتەوە.

" پاش پرۆسەی ئازادی عێراق هەر خێزانێکی ئەو عەرەبانە بڕی ٢٠ ملیۆن دیناریان وەرگرت و گەڕێندرانەوە خوارووی عێراق، دوای رووداوەکانی ٢٠١٧ش جارێکی دیکە بە چەند قۆناغێک هاتوونەتە ناوچەکەمان و تا ئێستا لە کۆی ٢٨ هەزار دۆنم زەوی گوندی قەرەدەرە، دەستیان بەسەر نزیکەی حەوت هەزار دۆنمدا گرتووە " ئەو دانیشتووەی گوندی قەرەدەرە وای بە BMC وت.

کوێخا کازم، کوێخای گوندی عەمشە بۆ BMC دەڵێت "لە کۆی دوو هەزار دۆنم زەوی گوندی عەمشە، هەزار و ٥٠٠ دۆنم لە جوتیارانی کوردی گوندەکە سەندراوەتەوە و ئێستا سەرقاڵی کێڵانی زەوییەکان و دروستکرنی خانون لە ناوچەکە و سەرجەمیان گرێبەستی سەردەمی بەعسیان بۆ نوێکراوەتەوە.

ئەگەر چی چەند مانگێک بەر لە ئێستا وەزیری دادی عێراق بڕیاریدا مامەڵەی نوێکردنەوەی گرێبەستی زەوی وزارە کشتوکاڵییەکانی ناوچە جێناکۆکەکان هەڵبوەشتێتەوە، بەڵام دادگای کەرکوک بێ گەڕانەوە بۆ ئەو بڕیارەی وەزیری داد بەردەوامە لە نوێکردنەوەی ئەو گرێبەستانە و لە ماوەی سێ ساڵی رابروودا زیاتر لە  ٢٥٠ گرێبەستی سەردەمی بەعس بۆ عەرەبی هاوردە نوێکراونەتەوە.

زوهێر عەلی، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکوک تایبەت بە BMC وتی، نوێکردنەوەی گرێبەستی زەوی و زاری کشتوکاڵی لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە و لە رێی دادگاکانەوە ئەنجام دەدرێت، لەبەرئەوەی گرێبەستیان بۆ نوێکراوەتەوە زەوییەکانیان دەخەینە نێو پلانی کشتوکاڵی ئەمساڵدا.

لە دوای سەرهەڵدانی کێشەی زەویوزار لە ناوچە جێناکۆکەکان، چەندین لیژنەی تایبەت بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە لە لایەن سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق، وەزارەتی داد ، کشتوکاڵ و نەتەوەیەکگرتووەکانەوە پێکێندراوە، بەڵام سەرجەمیان بێئەنجام بوون.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا