بەلجیکا.. ئەو ئەفسەرەی ساڵی ٢٠١٨ کچێکی دوو ساڵانی کوردی کوشت دادگایی دەکرێت

کوردستان 24/11/2020

Alternate Text

دادگای بەلجیکا پرۆسەی دادگاییکردنی ئەفسەرێکی پۆلیسی ئەو وڵاتەی دەستپێکرد کە تۆمەتبارە بە کوشتنی کچێکی تەمەن دوو ساڵانی خەڵکی هەرێمی کوردستان کە ساڵی ٢٠١٨ لەناو پاسێکدا لە برۆکسل کوژرا.

مانگی ئایاری ٢٠١٨، پاسێک بەڕێگاوە بوو بەرەو کەنارئاوەکانی بەلجیکا، مەودا سەوری و دایک و باوکی و برایەکی لەگەڵ نزیکەى ٢٥ کۆچبەری تر لە ناو پاسەکەدا بوون، دەیانویست بەرەو بەریتانیا بچن، بەڵام لەلایەن پۆلیسەوە تەقەیان لێ کراوە و مەودا کە تەنها تەمەنی دوو ساڵ بوو بەهۆیەوە کوژرا.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی فرانس پرێس، دادگاییکردنەکە دوێنێ دووشەممە (٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠) لە بەلجیکا دەستیپێکرد، جگە لە ئەفسەرەکە، دوو کۆچبەری تر کورد کە یەکێکیان شۆفێری ئەو پاسە بوو مەودای تێدا کوژرا بە تۆمەتی ڕێبەریکردن و قاچاخچییەتی دادگایی دەکرێن.
دادگا ناوی ئەفسەرەکەی ئاشکرا نەکردوو بەڵام ئەوە زانراوە کە تەمەنی ٤٨ ساڵە و خاوەنی سێ منداڵە، هەشت ساڵ ئەزمونی لە کەرتی پۆلیسیدا هەیە.
ئەو ئەفسەرە وتوویەتی کە نیازی هەبووە تەقە لە تایەی پاسەکە بکات بۆ ئەوەى بوەستێت، بەڵام بەهۆی ئەوەى زۆر خێرا بوو، گولـلەکە پەڕیوە و داوێتی لە مەودای دوو ساڵان، هەرچەندە هەوڵ دراوە مەودا بگەیەنرێتە نەخۆشخانە، بەڵام لەناو ئەمبوڵانسەکەدا مردووە.
#دادپەروەری_بۆ_مەودا
لە تویتەر کەمپەینێک بەناوی #دادپەروەری_بۆ_مەودا لەلایەن چەندین چالاکی داکۆکیکردن بە مافی کۆچبەران و پەنابەران ڕاگەیەنرا و داوای وەرگرتنی مافی مەودا دەکەن و چەندین ڤیدیۆ و وێنەیان بڵاوکردووەتەوە و دەڵێن "سیاسەتی کۆچی بەلجیکا خەڵکی دەکوژێت."

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا