هۆشداری لەبارەی تەلی حاجەت شۆردنەوە دەدرێت
راگەیاندنی قائیمقامیەتی سلێمانی
ڕایگەیاند ، سەبارەت بەمەترسی بەکارهێنانی تەلی حاجەت بۆسەر تەندروستی
مرۆڤ هۆشیداری دەدرێت.
لەشکر حەمید، سەرۆکی لیژنەکانی
قائیمقامیەتی سلێمانی سەبارەت بە مەترسییەکانی کەمتەرخەمی لە بەکارهێنانی تەلی حاجەت
شۆردن دەدات و رایدەگەیەنێت: پێکهاتەی تەلی شۆردنی حاجەت (ئەو دەفرانەی خواردنیان
تیادا ئامەدەکرێت) لەوردە ئاسن پێکهاتووە بۆیە پێویستە بەوریاییەکی زۆرەوە بەکاربهێنرێت
چونکە هەندێک جار پارچەی لێ دەبێتەوە و تێکەڵی خواردن دەبێت ئەمەش لەشی مرۆڤ توشی
ژەهراوی بوون دەکات.
ڕاشیگەیاندووە، لەکاتی قوتدانی تەلەکە لەگەڵ خواردنەکان، ئەگەری
زۆرە لە بۆرییەکانی هەناسە، ڕیخۆڵە یان دیواری گەدە بچەقێت، دەبێتە هۆی هەوکردن و
دروست بوونی برین.
سەرۆکی لیژنەکانی قائیمقامیەتی
دەشڵێت، تەلی حاجەت لەکاتی چوونە لەناو گەدەدا
لەگەڵ ترشەکان کارلێک دەکات و بەدروستکردنی ماددەی نوێ دەبێتە هۆی ژەهراوی بوون و
بەرزبوونەوەی تۆکسین و ڕێژەی کانزا قورسەکان لە جەستەی مرۆڤدا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەبەر ئەم کاریگەریانەی لەسەر تەندروستی مرۆڤ، لیژنە هاوبەشەکانی
قائیمقامیەت و تەندروستی سلێمانی ڕێگری لە بەکارهێنانی تەلی حاجەت دەکەن لە شوێنە
گشتییەکان وهەروەها پێشیانوتراوە نابێت مەنجەڵی تیڤاڵی و سینی داخوراو بەکاربهێنن.
لەشکر حەمید، داوا لەخانمان
دەکات بۆ سەلامەتی تەندروستی خۆتان و خێزانەکەتان، لەکاتی شۆردنی دەفرەکان و پێداویستییەکانی
دیکەی ئامادەکردنی خواردەمەنی بەوریاییەکی زیاترەوە تەلی حاجەت بەکاریبهێنن تا لە
مەترسی پارچەبون و تێکەڵ بونی بەخواردنەکان پارێزراوبن.
سەرۆکی لیژنەکان کەهاوکات ئەندازیاری
خۆراکە، هۆشیداری بەدوکان و ئەو شوێنانە دەدات کەخواردن تیایدا ئامادە دەکرێت و دەڵێت:
بۆ خاوێنکردنەوە و شۆردنی ئەو دەفر و پێداویستیانەی لە ئامادەکردنی خواردەمەنیدا بەکاردەهێنرێت
ئەو تەلی حاجەتە بەکارنەهێنن کە لەوردە ئاسن دروستکراوە، بەپێچەوانەوە روبەڕوی رێکاری
یاسایی دەکرێنەوە.