لاهور شێخ جەنگی: ئێمە لێرەین تا پشت و پەنای كچ و دایكە شۆرشگێڕەکانی كوردستان بین

کوردستان 25/11/2020

Alternate Text

لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی رایدەگەیەنێت، لە ڕۆژی جیهانیی ڕیشەكێشكردنی تووندوتیژی دژی ژنان، ئێمە لێرەین تا هەموومان پێكەوە، پشت و پەنای كچ و ژن و دایكە شۆرشگێڕ و نوێخوازەكانی كوردستان بین.

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی بەبۆنەی رۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان پەیامێکی بڵاوکردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:

پەیامی لاهور شێخ جەنگی بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی ڕیشەكێشكردنی تووندوتیژی دژی ژنان
با لە ڕۆژی جیهانیی ڕیشەكێشكردنی تووندوتیژی دژی ژنان، هەمووان پشت و پەنای ژنانی كوردستان بین.
مێژوو ئەڵێ دایكانی كوردستان، دایكی شارستەنییەتی مرۆڤایەتین كە دەیان هەزار ساڵ لەمەوبەر، لە دامێنی ئەوان و زنجیرە چیا سەركەشەكانی كوردستاندا، مرۆڤی نوێ و خێزانی نوێ و كۆمەڵگەی نوێیان پەروەردە كردووە و، شۆڕشە یەك لە دوا یەكەكانی ئەم گەلەیان ژیاندووە، پاراستووە و گەشەپێداوە.
دایكانی ئێمە، جیاواز لە ژنان و كچانی تری دنیا، جەرگ سوتاوانی شۆڕشی نیشتمانی و، سوتماكی داگیركاری و شەڕی ناوخۆ و، ئازاردراوانی دەروونی و جەستەیی دەست كولتوری چەوت و كۆن و ناڕەسەنن، بەڵام سروشتی ڕەسەنیان وایكردووە كە هەرگیز نادادی و ستەم و جیاكارییە جێندەرییەكان ڕۆ نەچێتە ناو دڵ و دەروونییان و، هەرگیز كیژی كوردستان، بە پاشكۆییەتی، لاوازی و دەستەمۆكارییە ڕەگەزی و كۆمەڵایەتی و كارگێڕی و سیاسییەكان، ڕازی نەبووە.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پارتێكی جەماوەریی و، هەڵقوڵاوی بیر و توانای هەموو چین و توێژەكانی كوردستانە و، جێی سەرنجە كە كچان و ژنانی ئەم كوردستانە، ڕۆڵی پێشەنگیان هەبووە لە پاراستنی یەكێتیی و سەرخستنی خەباتە ڕەواكەیدا.
پارتە ڕەسەنە سۆشیاڵ دیموكراتەكەی كوردستان، یەكێتییەكەی هەڤاڵ مام جەلال، باوەڕی تەواوی بە پاراستنی كچان و ژنان هەیە لە بەرامبەر هەر جۆرە زوڵم و نادادی و دەستدرێژییەكدا.
یەكێتییەكەتان بە كردەوە، بەها گەردوونییەكانی پاراستووە و، باوەڕی بە ڕاماڵینی هەر بەربەستێك هەیە، كە ڕێ لە یەكسانیی ژن و پیاو بگرێت.
یەكێتییەكەتان بە بڕیار و لە هەڵبژاردن و كۆنگرەكانی ڕابردووشدا بە یاسا، زەمینەی هەموار كردووە بۆ سەركەوتنی كچان و ژنانی شایستە بۆ پێگە باڵا حزبییەكان، پەروەردەكردنیان و، هەمیشەش هەوڵیداوە كە كچان و ژنانی خاوەن توانا و باوەڕ و ئیرادە، لە پێگەی حكومڕانییە باڵاكانی كوردستان و عێراق و دەرەوەی دا، ڕابەرایەتی جڤاتەكەیان بگرنە دەست.
سەرباری هەوڵەكانی یەكێتیی و ڕێكخراوە لۆكاڵی و جیهانییەكان بۆ ڕیشەكێشكردنی تووندوتیژی دژی ژنان، و كردنەوەی دەیان ڕێكخراو و ناوەند و دەزگا بۆ بەرگریكردن لە ژنان، بەڵام ئێمە لە سەرۆكایەتی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، بە نیگەرانییەوە لەو ڕوداو و ئامارانە دەڕوانین، كە هەڵكشانی تاوانی دژ بە كەرامەت و پێگە و ماف و ئازادی و ژیانی كچان و ژنانی گەلەكەمان نیشان دەدەن.
ئەم نیگەرانییەی ئێمە، زادەی كۆدەنگییەكە لە ناو ئەنجومەنی سەركردایەتی و ڕێكخستنەكانی یەكێتیی و كۆمەڵانی سەربەرزی كوردستاندا، كە هەمووان پێكەوە، ببینە پارێزەر بۆ كچان و ژنان و ڕێ نەدەین دەست درێژی بكرێتە سەر ژیان و ماف و دەرفەتەكانی بەردەمیان. و هەر جۆرە سەرپێچییەك دژ بە ماف و ئازادییەكانیان، ڕووبەڕووی یاسا و زیندوێتی ڕای گشتی كۆمەڵگە بكەینەوە.
لە ڕۆژی جیهانیی ڕیشەكێشكردنی تووندوتیژی دژی ژنان، ئێمە لێرەین تا هەموومان پێكەوە، پشت و پەنای كچ و ژن و دایكە شۆرشگێڕ و نوێخوازەكانی كوردستان بین.
پێكەوە باوك و برا و كەسوكاربین بۆ پاراستنیان، بۆ پێشخستنیان، بۆ گەشەدان بە تواناكانیان، بۆ سەرخستنیان بۆ پێگەكانی ڕابەڕایەتی كردن.
بە درێژایی مێژووی گەلان، ژنان و كچانی كوردستان سێمبولی گەلیكی زیندوو، ئازا و ئازاد بوون... دڵنیابن كە ئێمە لە سەرۆكایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان تێ دەكۆشین، ئەو سێمبولە بپارێزین و بەهێزی بكەین.
PUKmedia تایبەت

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا