بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی هەولێر رایگەیاند، توانیویانە تۆمەتبارێك بە ناوی (ج.س.ط) بە تۆمەتی دزیكردن لە ماركێتێک دەستگیر بكەن.
بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان – نوسینگەی کەسنەزان رایگەیاند، پاش ئاگادارکردنەوەمان لە حاڵەتێکی دزیکردن كە لە جووتسایدی (هەولێر - كۆیە) دزی لە ماركێتەك كراوە، دەستبەجێ دەستمان بە لێكۆڵینەوە كرد و دوای چاودێرییەكی ورد، توانییمان تۆمەتبارێك بە ناوی (ج.س.ط) بە تۆمەتی دزیكردن لە ماركێتەكە دەستگیر بکەین.
راشیگەیاند، وتەی تۆمەتبارەکە وەرگیرا و دانی نا بە تاوانەكەیدا، كە بە ئۆتۆمبێلێكی جۆری (شوڤرلێت كڕوز) تاوانەكەی ئەنجام داوە و پێشتریش ژمارەی ئۆتۆمبێلەكەی دەستكاری كردبوو، بۆیە بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددە (446) لە یاسای سزادان، راگیرا، هەروەها دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەكەشیدا گیرا و ئەو كەلوپەلانەش كە لە ماركێتەكە دزیبوونی، رادەستی خاوەنەكەی كرانەوە.