​ عەلى قەرەداغی فتوایەکى نوێی لەسەر خەتەنەکردنی مێینە ده‌رکرد

عێراق 25/11/2020

Alternate Text

ئەمینداری گشتی یەكێـتی جیهانی زانایانی مسوڵمان ڕایگەیاند، هیچ بەڵگە نییە بۆخەتەنە کردنی مێینە لە قورئانی پیرۆزدا و  بابەتێکى ئیختیارییە.

دکتۆر عەلى قەرەداغى ئەمینداری گشتی یەكێـتی جیهانی زانایانی مسوڵمان لە پەیجی فەیسبوکی خۆی  فەتواکەی بڵاوکردووەتەوە و لە ناوەڕۆکیدا دەڵێت، هیچ دەقێکی ڕاشکاو لەو بارەوە نییە و  حکومەت ئەتوانێت بە یاسایەک مەنعی خەتەنەی مێینە بکات.

دەقى فتواکە:

فتوایەک سەبارەت بەخەتەنەکردنى مێینە

هیچ بەڵگە نیە بۆخەتەنە لە قورئانی پیرۆزدا، هیچ بەڵگەیەکى سریح وسەحیح ئاشکرا نیە لە سەر پێویست بوونى خەتەنەی مێینە

بەناوى خوداى بەخشندەو میهرەبان

دواى سوپاس بۆ خوداى گەورەو درودى پاک بۆ پێغەمبەرى خۆشەویست و هەموو یاوەرەکانى

خەتەنەی مێینە مەسەلەیەکى کۆنەو تازە دەبێتەوە، وەزانایانى ئیسلام چەند بۆچونێکیان هەیە، بەلای منەوە بۆچونى راجح ئەوەیە کەخەتەنەی مێینە واجب نیە لە ئیسلامدا، وەئەمەش بۆچونى (امام مالک)، وەرای (امام احمدە لە ریوایەتێکدا ، وەهەندێک بۆچونى زانایانى شافیعیە.

تکایە مراجعەی : الدر المختار (6/751) لە مزهبی حنفی، ئەفەرموێت : ( الأصل ان الختان ـ أي للذكر ـ سنة كما في الخبر ، وهو من شعائر الاسلام ، وخصائصة ، وختان المرأة ليس سنة ) .

واتە خەتەنەى نێرینە سوننەتە و بەڵام خەتەنەى مێینە سوننەتیش نیە.

والقوانین الفقهیة (1/129) ، والمجموع للنووی (1/367) ، والمغنی لابن قدامە (1/63) ، ئەفەرموێت: (فأما الختان فواجب على الرجال ، ومكرمة في حق النساء ، وليس بواجب عليهنّ ، وهذا قول كثير من أهل العلم ). واتە بەلاى حەنبەلیەکانەوە خەتەنەى نێر واجبە، بەڵام خەتەنەى مێینە عادەتێکى باشەو واجب نیە، وەئەمەش فەرمودەى زۆربەى اهلى عیلمە.

بەکورتی ئەتوانم بڵێم خەتەنەی مێینە عادەتێکی کۆن بوو لە پێش ئیسلامدا، کە ئیسلام هات ویستی قۆناغ بەقۆناغ چارەسەرى ئەم کارەش بکات، لە بەرئەوە پێغەمبەر ( درودی خودای لەسەر بێت ) ئەمری فەرمو کەئەگەر خەتەنەی مێینە کرا بەشێوەیەکى وانەبێت کەزەرەری زۆربێت، چەند ئامۆژگاریەکى فەرمو بۆ ئەم مەسەلەیە.

وەئەتوانم بڵێم هیچ بەڵگە نیە بۆخەتەنە لە قورئانی پیرۆزدا، هیچ بەڵگەیەکى سریح وسەحیح ئاشکرا نیە لە سەر پێویست بوونى خەتەنەی مێینە، بەڵکو هەندێک لە زانا گەورەکانی ئیسلام ئەفەرمون خەتەنەی نێریش سوننەتە نەک واجب، هەرچەندە ئەمەش رای حەنەفىء مالکیء حەسەنی بەسریە ، ریوایەتێک لەئیمامی ئەحمەد و ئیمامی حەسەنی بەسری ئەفەرموێت : ئەگەر کافرێک مسوڵمان بوو پێویست ناکات خەتەنە بکرێت، ئە فەرموێت لە زەمانی پێغەمبەردا هەزارەهاکەس مسوڵمان بوون، نەبیستراوە کەخەتەنەکرابن.

من لە ئێرەدا قسەکەم بۆخەتەنەی مێینە یە ، ئیمامی ابن المنذر ئەفەرموێت : لە بابەتى خەتەنە کردندا ـ بە تایبەتی خەتەنەی مێینە ـ هیچ حەدیسێکی سەحیحء سریح نیە، وهیج سەنەدێکی وا نیە کەدوای بکەوین.

کە واتە خەتەنەی مێینە شتێکی ئیختیاریە، بەڵام ئەگەر کرا ئەبیت بەشکلێک بێت زەرەری ئافرەتەکەى تیانەبێت.

لە بەرئەوە لەکۆتایدا دەتوانم بڵێم حکومەت ئەتوانێت بە یاسایەک مەنعی خەتەنەی مێینە بکات، وەئەگەر بشکرێت دەبێت لە نەخۆشخانەدا بێت لەژێر چاودیرى پزیشکدا.

براتان

پڕۆفیسۆر دکتۆر على قەرەداغى

سەرۆکى رابیتەى ئیسلامى کورد


ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا