دیێگۆ ئەرماندۆ
مارادۆنا یاریزانی ناوداری ئەرجەنتین لە تەمەنی
٦٠ ساڵیدا بە جەڵتەی دڵ گیانی لەدەستداوە و ئەرجەنتینیش بۆ ماوەی سێ رۆژ ماتەمینی
گشتیی راگەیاندووە.
ماڵپەری سی ئێن ئێن بڵاویکردەوە، سەرباری ئەوەی مارادۆنا نەشتەرگەریی مێشکی بۆ
کرابوو، بەڵام بە جەڵتەی دڵ گیانی لەدەستداوە لە ماڵەکەی خۆیدا لە شارۆچکەی تیگرێ
لە نزیک بۆینس ئایرسی پایتەختی ئەرجەنتین.
مارادۆنا ناوی تەواوی دیێگۆ ئەرماندۆ مارادۆنایە
و لە ٣٠ـی ئۆکتۆبەری ١٩٦٠ لە لانۆس، بۆینس ئایرس لە وڵاتی ئەرجەنتین لەدایکبووە، ئەو
یاریزانی تۆپی پێی ئەرجەنتینییە، بە یەکێک لەو یاریزانانە دادەنرێت کە زۆرترین کاریگەرییان
ھەبووە لە مێژووی تۆپی پێدا، بەشێکی زۆر لە وەرزشدۆستان، ئەو یاریزانە بە باشترین یاریزانی
تۆپی پێی مێژوویی لە جیھاندا دەزانن.
درێژی باڵای مارادۆنا
١٦٥ سانتیم بووە و یاری لە ھێڵەکانی ناوەڕاست و ھێرشبردن کردووە، ناوبراو یەکێکە لە
باشتری یاریزانانی جیھان لەو سەردەمەی خۆی یاری لێی کردووە، مارادۆنا یاری بۆ ھەڵبژاردەی
تۆپی پێی ئەرجەتین و یانەکانی ئەرجەنتینۆس جۆینەر و بۆکا جۆنیوز و بارسێلۆنا و ناپۆلی
و سیڤیلا و نیو ئیل ئۆڵد بۆیس کردووە. دواساتی یاریکردنیشی لە یانەی بۆکا جۆنیوزی
ئەرجەنتینی بووە.
لە ساڵی ١٩٨٦دا، مارادۆنا
و هاوڕێکانی لە تیمی نیشتیمانی ئەرجەنتین جامی جیهانی ئەو ساڵەیان بەدەستهێناوە.