رێکخراوی تەندروستی جیهانیی، رایگەیاند، ساڵانە ٥ ملیۆن
کەس لە جیهاندا بەهۆی کەمی وەرزش کردن گیان لەدەست دەدەن و هۆشداری دەدات هەفاتەنە
لانی کەم ١٥٠ خولەک راهێنان بکرێت.
رێکخراوی تەندروستی جیهانیی رایگەیاند، بۆ پارێزگاری
کردن لە تەندروستی جەستە بەتایبەت لەم کاتەدا کە کاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی
کۆرۆنایە و زۆریک لە دانیشتوانی جیهان لە ناو ماڵەکاندا دەمێننەوە، پێویستە لەسەر
کەسانی پێگەیشتوو هەفتانە لە نێوان ١٥٠ بۆ ٣٠٠ خولەک راهێنان بکەن، روونیشیکردەوە
کە ئەم ژمارەیە بۆ ئەو کەسانەش پێویستە کە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە یاخوود بەهۆی
کەمئەندامییەوە دەناڵێنن.
لەبارەی راهێنانی منداڵان و تازە پێگەیشتوان، رێکخراوی
تەندروستی جیهانیی بە پێویستی دەزانێت، لانی کەم رۆژانە بۆ ماوەی کاتژمێرێک
راهێنان بکرێت.
لەگەڵ ئەوەشدا رایگەیاند، راهێنان بەشێوەی بەردەوام
دەبێتە هۆی پاراستنی جەستە لە نەخۆشیەکانی دڵ، شەکرە لە جۆری دووەم، شێرپەنجە و بەهەمان
شێوە سودی دەبێت بۆ خەمۆکی و دودڵی کە لە کاتی کۆرۆنادا زۆر کەس بەهۆیانەوە
دەناڵێنن بەهۆی مانەوەی زۆر لە ناو ماڵدا.
لە کۆتاییدا جەختیشیکردەوە لەسەر ئەوەی ساڵانە بەهۆی
کەمی راهێنان و مەشقکردن، ٥٤ بلیۆن دۆلار لە چارسەرکردندا خەرج دەکرێت لە جیهاندا.