بە بیانووی روخاندنی خانووی چەند ماڵێکی عەرەب لە ناحیەی جەلەولا لە سەردەمی شەڕی داعش، چەند رۆژێکە دەنگۆی دەرچوونی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ مەحمود سەنگاوی فەرماندەی میحوەری گەرمەسێر و مەردان چاوشین فەرماندەی میحوەری حەمرینی هیزی پێشمەرگە و بەڕێوەبەری ناحیەی جەلەولا بڵاوکراوەتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، یەعقوب لهێبی بەڕێوەبەری ناحیەی گوڵاڵە بە BMC راگەیاند، پێشتر چەند کەسێکی عەرەب لە هۆزی کوڕەوییەکان بە تۆمەتی رووخاندنی خانووەکانیان لە کاتی شەڕی ئازادکردنەوەی ناحیەکە لە دەستی داعش سکاڵایان لەسەرمان تۆمارکردبوو، بەڵام تاکو ئێستا هێچ ئاگادارکردنەوەیەکی فەرمیم لە لایەن دادگاوە پێنەگەیشتووە و ناشزانم کێی تر لە نێو لیستی داواکراوەکانن.
راشیگەیاند، بەشێک لە خانووەکانی ئەو ناوچەیە بەهۆی شەڕی ئازدکردنەوەی ناحیەکە روخاون و ئەو عەشیرەتە خۆیان چەکداری داعش بوون و بەردەوام دژایەتی کورد دەکەن.
ناحیەی گوڵاڵە ( جەلەولا) دەکەوێتە سنووری ناوچەجێناکۆکەکانی نێوان هەرێم و ناوەند، دوای رووداوەکانی ساڵی ٢٠١٧ لە لایەن هێزە عێراقییەکان کۆنتڕۆڵکرا.