هێلکەی مریشک سودی بۆ تەندروستی مرۆڤ هەیە، ئەویش بەهۆی دەوڵەمەندی بە پڕۆتین و ڤیتامینەکان جگەلەوەش هەرسکردنی ئاسانە، بەڵام هەڵبژاردنی کام هێلکەیە سور یان سپی سودی زیاترە؟
هەروەک "ڕوسیا تودەی"نوسیویەتی، ڕەنگی هێلکە بەپێی جۆری مریشکەکە و ئەو خواردنەی کە دەدرێت بە مریشکەکە دەگۆڕێت، تەنانەت کاریگەری لەسەر رەنگی زەردێنەی هێلکەکە دەبێت.
زۆر کەس پێی وایە هێلکەی سپی سودی زیاترە، بەپێچەوانەشەوە بەشێکی تر لە خەڵکی هێلکەی سور بە تەندروست تر دادەنێن، بەڵام شارەزایان دەڵێن کە ڕەنگی هێلکە بەپێی جۆری مریشک دەگۆڕێت و کاریگەرییە تەندروستییەکانیشی وەکو یەک وایە.
ئەو مریشکانەی کە پەڕیان سپییە ئەوا جۆری هێلکەکەشیان سپییە، هەروەها ئەو مریشکانەشی کە ڕەنگی پەڕەکەیان قاوەییە ئەوا ڕەنگی هێلکەکەیان قاوەییە یاخود سورە.
کاڵی و تۆخی ڕەنگی زەردێنەی هێلکە دەکەوێتە سەر جۆری ئەو خۆراکەی کە دەدرێت بە مریشکەکە، ئەگەر خۆراکەکەی ڕێژەی کارۆتینی تێدا بەرزبێت ئەوا ڕەنگی زەردێنەکە نزیک دەبێت لە ڕەنگی پرتەقاڵییەوە.
شارەزایان رایدەگەیەنن لەکاتی کڕینی هێلکە لە بازاڕدا پێویستە ئاگاداری کاتی بەسەرچونەکەی بیت، چونکە هۆکارە بۆ گواستنەوەی بەکتریا بۆ جەستە، دەشبێت هێلکە لە ساردکەرەوەدا و دوور لە خۆراکەکانی تر هەڵبگیرێت، پێش بەکارهێنانیشی بشۆرێتەوە هەندێک جار بەرگی هێلکە ماددەی سالمۆنیلا و مادەی پاریزگاریی "مواد حافیزە" دەگوازێتەوە بۆ ناو هێلکەکە و مەترسی تەندروستی دروستدەکات.