دوای ئەوەی هەواڵی هاوسەرگیریی پیاوێکی ٥١ ساڵانی ئێزدی لەگەڵ کچێکی
بچووک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە، جێگری میری کوردانی ئێزدی بۆ
پەیوەندییەکان رایگەیاندووە، پرۆسەی هاوژینیی پیاوەکە و کچە بچووکەکەی شنگال
هەڵوەشایەوە.
جەوهەر عەلی بەگ، جێگری
میری کوردانی ئێزدی بۆ پەیوەندییەکان بە میدیاکانی راگەیاندووە "دوای ئەوەی هەواڵی
مارەبڕینی شێخ جووقی سەلۆ، تەمەن ٥١ ساڵان لەگەڵ کچێکی بچووکی شنگال بەناوی ئەلیس
بڵاوبووەوە، پەیوەندیمان بە جووقی سەلۆوە کرد،
ئەویش پێی راگەیاندین کە هەڵەیەکی
کردووە و پەشیمانە و جارێکی دیکە کاری وا دووبارە ناکاتەوە، پرۆسەی هاوسەرگیرییەکە
هەڵوەشایەوە".
ئەوەشی وتووە، "جووقی کچەکەی
نەگواستووەتەوە، بەڵکو تەنها مارەی بڕیبوو. سەبارەت بە رێکارەکان، دۆسیەکە دەبرێتە
بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتان بۆ داخستنی و
کۆتاییهێنان بەو کارە".
پیاوەکە ناوی شێخ جووقی
سەلۆ تەحسینە و تەمەنی ٥١ ساڵانە، دانیشتووی کۆمەڵگەی دۆمیزە لە سنووری پارێزگای
دهۆک، ناوبراو رایگەیاندبوو، هاوسەرگیری لەگەڵ کچێکی تەمەن ١٨ ساڵ کردووە بەناوی
"ئەلیس"، کچەکە دانیشتووی کۆمەڵگەی "خانکێ"یە.