لە شارۆچکەى هەریری سنوری پارێزگای هەولێر، پیاوێک
کە خاوەنی سێ ژنە، کچێکی تەمەن ١٣ ساڵی خواستووە و بە وتەی چالاکوانەکانیش
لە بری قەرز دراوەتە ئەو پیاوە.
بەهار مونزیر، لە رێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان بە میدیایکی کوردی راگەیاندووە، ئەو کچە تەمەنی
تەنیا 13 ساڵە، لە هەریر دراوە بە پیاوێک، کە خزمی باوکییەتی و تەمەنی پیاوەکە 40
ساڵە، ئەو پیاوە ژنی دیکە و منداڵیشی هەن.
ئەو رووداوە لە کاتێکدایە، هەرێمی کوردستان لە
هەڵمەتی 16 رۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنانە، بەهار مونزیر دەڵێ
"بەهۆی ئەو هاوسەرگیرییە ئێمە سبەی لە پارکی نالی له سلێمانی دەوەستین".
بەگوتەی ئەو چالاکوانەی گەشەپێدان و مافی ژنان،
هاوسەرگیریی منداڵان لە هەرێمی کوردستان بەردەوام هەبووە، دەشڵێ، "ئەو کچە یەکێکە
لە منداڵترینەکان كه بیستبێتم بەشوودرابێت و هاوسەرگیرییەکەی لەبری قەرز بووە!
باوکی کچەکە پێنج ملیۆن دینار قەرزاری ئەو پیاوە بووە، کە شەوی رابردوو هاوسەرگیریی
لەگەڵ کچەکەی کرد!".
بەهۆی ئەوەی ئەو جۆرە هاوسەرگیرییە لە یاسا رێگەپێنەدراوە
لە هەرێمی کوردستان، بەهار مونزیر دەڵێ، ئەمە تەنیا بەڕێگەی مەلا مارەبڕ کراون.
هاوسەرگیریی منداڵان لە
هەرێمی کوردستان بەپێی یاسا قەدەغەیە، هەرکەسێک بییەوێت هاوسەرگیری بکات، دەبێت تەمەنی
لە 18 ساڵ زیاتر بێت، بەڵام زۆرجار ئەوانەی تەمەنیان بچووکە، پەنادەبەنە بەر پیاوانی
ئایینی و تەنیا لەڕێگەی "شەرعەوە" مارهبڕ دەکرێن و دەگوازرێنەوە.