لەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی هاوسەرگیریکردنی کچێکی تەمەن ١٣ ساڵان لەگەڵ پیاوێکی تەمەن ٤٠ ساڵ لەبری قەرز، و رەتکردنەوەی لەلایەن پیاوەکەوە چالاکێکی بواری مافەکانی ژنان دەڵێت" زانیاریمان لە لایە بە ئەگەرێکی زۆرەوە هەواڵەکە راستە.
شەوی رابردوو مەهدی ناسر ئەو پیاوە تەمەن ٤٠ ساڵەی وێنەکانی لە سۆشیال میدیا بڵاوبووەوە، رایگەیاند کە هاوسەرگیری لەگەڵ ئەو کچە نەکردووە و تەنها لە ئاهەنگی مارەکردنی ئەو کچە لەگەڵ پیاوێکی دیکەیە ئەو وێنەیەیان گرتووە.
ئاشکراشیکرد، ئەو کچە کچی هاوڕێیەکی نزیکی خۆیەتی.
لەدوای ئەو وتانەی مەهدی ناسر، ئەمڕۆ یەکشەممە لە گردبوونەوەیەکی ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنی و رێکخراوەکانی ژنان لە شاری سلێمانی گردبوونەوەیەکیان سازکرد و تێیدا بەهار مونزیر، چالاکی بواری مافەکانی ژنان رایگەیاند، ئەو کچە منداڵە هاوسەری سێیەمی ئەو پیاوەیە، پیاوەکە چەندین منداڵی دیکەی لە هاوسەرەکانی دیکەی هەیە، ئەمەش پێچەوانەی یاساکانی هەرێمی کوردستانە.
ئاشکراشیکرد، ئێمە پێش وەرگرتنی زانیاری تەواو هیچ هەنگاوێکمان نەناوە، ئەو چالاکوانانەی بەدواداچونیان کردووە پێداگیری دەکەن لەسەر راستی کەیسەکە.