کۆبوونەوەی نێوان یەکێتی و گۆڕان کۆتایی هات

کوردستان 29/11/2020

Alternate Text

کەمێک لەمەوبەر کۆبوونەوەکەی هەریەکە لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لە دەباشان کۆتایی هات و راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە لەدوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکەی نێوان هەریەکە لە یەکێتی و گۆڕان راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:

ئەمڕۆ یەکشەمە ٢٩/١١/٢٠٢٠ کۆبوونەوەی لوتکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لەدەباشان بەڕێوەچوو.
تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردن بوو ، لەسەر دواین گۆڕانکاری و پێشھاتە سیاسی و ئابوورییەکانی ھەرێم و عێراق ، بەتایبەت خراپی بژێوی ژیانی ھاوڵاتیان و مووچەخۆرانی ھەرێم ، کە بەرئەنجامی قەیرانی دارایی و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دروست بووە ، دواتریش بەدیارکراوی دوای دەرکردنی یاسای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ، پەیوەندیدار بە کورتھێنانی بودجەو وەرگرتنی قەرز قەیرانەکە قوڵتربووەتەوە .
سەڕەڕای جەختکردنەوە لەتوندوتۆڵکردنی پەیوەندی نێوان ھەردوولا، بەپێویست زانرا ھەنگاوی کرداری خێرا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بنرێت، ھەروەک ھاوڕابووین لەسەر ئەم بڕیارانەی خوارەوە:
١ . بەپەلە وەفدێکی خاوەن بڕیاری حکومەتی ھەرێم پێکبھێنرێت و بچێتە بەغدا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چارەسەرکردنی ریشەیی و کۆتایی کێشەی بودجەو موچەی ھەرێمی کوردستان ، لەھەمانکاتدا ئەم ھەنگاوە ببێتە بناغەیەکی پتەو بۆ یاسای بودجەی ٢٠٢١ فیدڕاڵی
2. پێشوازی لەھەنگاوەکانی بەرەوپێشچوونی سیستمی لامەرکەزی کارگێڕی و دارایی دەکەین ، ھەروەک لەکارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمدا ھاتووە
3. زەمینەخۆشکردن بۆ کۆبوونەوەی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان بە مەبەستی چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی رووبەڕووی واقیعی ھەرێم و عێراق دەبێتەوە.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان    بزووتنەوەی گۆڕان

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا