سەرۆکى لیژنە هاوبەشەکانى قائیمقامییەتى سلێمانى ئاشکرایدەکات، دەستیان بەسەر کارگەیەکى دروستکردنى شامپۆدا گرتوە کە هیچ مەرجێکى تەندروستى تێدانەبووە.
لەشکر حەمید، سەرۆکى لیژنە هاوبەشەکانى قائیمقامییەتى سلێمانى، راگەیاند: دواى ئەوەى زانیارى وردمان پێگەیشت لەسەر کارگەیەکى دروستکردنى شامپۆ و موادى پاککەرەوە و زاهى، لیژنەى باڵاى قائیمقامییەتى سلێمانى سەردانى شوێنەکەمان کرد، لە ئەنجامدا بۆمان دەرکەوت ئەو کارگەیە هیچ مەرجێکى سەلامەتى تێدانیە بۆ دروستکردنى ئەو بابەتانە لەروى مەرج و لەروى بینا و لەروى ئەو خامانەى لە دروستکردنیدا بەکاریان دەهێنێت.
روونیشیکردەوە، کارگەکە هیچ مەرجێکى کیمیایى و فیزیایى و بەکترۆلۆجى تێدانییە، تەنها لە رێگەى چەند خەزانێکەوە کۆمەڵێک مواد تێکەڵدەکات کە کاریگەرى لەسەر تەندروستى مرۆڤ دروست دەکات، تەنانەت کاریگەرى هەیە لەسەر لەدەستدانى چاو روتانەوەى قژ و هەستیارى پێست و بۆڕییەکانى هەناسەى بەکارهێنەرانى.
ئاشکراشیکرد،دروستکردنى شامپۆ بەپێى مۆڵەتى رێگەپێدانى عێراقى بەڕێژەى دیاریکراو پێویستە باڵانس هەبیت لە تێکەڵکردنى ماددەکان، بەڵام لەو کارگەیە بەشێوەى هەڕەمەکى ماددەکان تێکەڵکراوە کە ئەو ماددانەش بۆ دروستکردنى شامپۆ بەکار نایەت و کاریگەرى تەندروستى دەبێت لەسەر بەکارهێنەرانى.
کارگەکە دەکەوێتە گەڕەکى تاڤگەی شارى سلێمانى و مۆڵەتى تەنها ژورى بازرگانى هەیە، بەڵام هیچ ستانداردێکى تێدا بەکار نەهاتووە، بۆیە راستەوخۆ کارگەکەیان داخستووە.