لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتى سلێمانی توانییان دەست بەسەر بڕێک دەرمانی پزیشکیدا بگرن، کە پشکنینی کوالیتی کۆنتڕۆڵیان نییە و خاوەنەکەی خۆی بەرواری بەسەرچوونی بۆ نوسیون.
د. پەرست نەقشبەندی، پزیشکی دەرمانساز و نوێنەری بەرێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی لە لیژنەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی راگەیاند، ئەمڕۆ سەردانی ناوەندی سروشتی زاگرۆس بۆ تەواوکەرە خۆراکییەکانیان کرد، و دەستیان بەسەر بڕێک دەرمانی پزیشکیدا گرتووە، کە خاوەنی ناوەندەکە، خۆی بەرواری بەسەرچوون و لەیبڵی لێداوە و پشکنینی کوالیتی کۆنتڕۆڵیشی نییە.
باسی لەئەوەشکرد، ئەم دەرمانانە بۆ پشکنین دەنێرن، دواتر بڕیاری کۆتایی لەبارەى شوێنەکەوە دەدەن، کە ئایا چ جۆرە ڕێکارێکی یاسایی بەرامبەر بگرنەبەر.
ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی ڕێنماییەکان دەبێت بەرواری بەرهەمهێنان و بەسەرچوون بەزایینی لەسەر بەرهەمەکان هەبێت، بەڵام دەرمانەکانی ئێرە زۆرێکیان بەرواری ئێرانین، یان بەرواری پێوەنییە، ئەمەش پێچەوانەی ڕێنماییەکانن و کەسەکە ڕووبەڕووی سزا دەکرێتەوە.