فراکسیۆنی گۆڕان لە بەیاننامەیەکدا وەڵامی ئومێد خۆشناو سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان دایەوە کە داوایکردبوو حیزبەکەی بە رێککەوتنەکەی لەگەڵ گۆڕاندا بچێتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە فراکسیۆنی گۆڕان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە کە وەک لە بەشێکیدا نوسراوە ئەمە رای بزووتنەوەکەشە رایگەیاندووە:
وەڵامێك بۆ سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان
دوێنێ دەرئەنجامی كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستان كە ئاڵۆزی لێكەوتەوە ، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی وەك جۆرێك لە ھەڕەشە ڕایگەیاند كە داوا لە حزبەكەی دەكات بە رێككەوتنی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان بچێتەوە.
ئێمە لێرەوە ڕایدەگەیەنین:
١- بزوتنەوەی گۆڕان تەنھا و تەنھا بەمەبەستی چاكسازی و ڕاستكردنەوەی باری لاسەنگی دارایی و شەفافیەت لە داھات و بنەبڕكردنی گەندەڵی و قاچاخچێتی ڕێكەوتنی ئەنجامداوە و بەشداری لەحكومەت كردووە.
٢-لە دروستبوونی ئەم حكومەتەوە ، بزوتنەوەی گۆڕان پشوودرێژانە شانی داوەتەبەر ھەموو ئەو نەھامەتییانەی كە حوكمڕانی كوردی لە دوای ڕاپەڕینەوە بەرھەمی ھێناوە ، ھەموو ئەوەش لەپێناو چاکسازی ومانەوەی قەوارەی ھەرێم و دوبارەنەبوونەوەی ئەزمونی دووئیدارەیی بووە.
٣- ھەرچی پۆستی بزوتنەوەی گۆڕان ھەیە لە حكومەتدا ، مافی خۆیەتی نەك تەنھا وەك پشكی حزبیی ، بەڵكو گەر وەك ھاوڵاتیش كە ژمارەی ڕاستەقینەی زۆر زیاترە لەوەی كە لەئەنجامی ھەڵبژاردنەكان ڕاگەیەنراوە ، بزوتنەوەی گۆڕان لەپێناو مانەوەی ھەرێمدا بە ٪١٢ی پۆستەكان ڕازی بووە كە خودی سەرۆكی فراكسیۆنی پارتیش دەزانێت چی دزی و ساختەكارییەك لە ھەڵبژاردنەكاندا ئەنجامدراوە.
٤- لێرەوە بێمنەتانە ڕایدەگەیەنین فەرموون وەك فراكسیۆنی پارتی كۆی بەرنامەی حكومەتی پێكھێنراو لە پارتی و یەكێتی و گۆڕان بھێننە سەر مێزی گفتوگۆ و با لە پەرلەماندا شەفافانە بۆ ڕای گشی ڕایبگەیەنین و بزانین چەند خاڵ لەو كارنامەیە بۆ بەرژەوەندی خەڵك جێبەجێ كراوە و كێ لایەنی كەمتەرخەم بووە؟.
٥- لە كۆتاییدا پێویستە ئەو ڕاستییەی حوكمڕانی بە بیر سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی بھێنینەوە كە حوكمڕانی ئامانج لێی خزمەتكردنی خەڵكە ، چوونە حكومەت بەمانای بێدەنگبوون لە قوت و موچە و گەندەڵی نایەت ، بەتایبەت كە ئەركی سەرەکی پەرلەمان چاودێریكردنی حكومەت و لێپرسینەوەیە لێی وەك لە ڕێكەوتنی پێكھێنانی كابینەكەشدا ھاتووە، تەنانەت كە ئەگەر پارتی بە تەنھا حكومەتی پێكبھێنایە ، بۆیە بە بەشداری لە حكومەت ، گۆڕان دەستەمۆ نابێت.
فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان