سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر راگەیاند، تاکو ئێستا هیچ کەسێک بە فەرمی بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگار کاندید نەکراوە و بە پێی یاساش جێگری پاریزگار دەتوانێت بۆ ماوەی سێ مانگ پۆستەکە بە وەکالەت بەڕێوە ببات، پاش چلەی فرسەت سۆفی کاندیدبوون بۆ پڕکردنەوەی ئەو پۆستە دەستپێدەکات.
عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر لە بارەی مەرجی کاندیدبوون بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری هەولێر بەBMCراگەیاند، بە پێی یاسای ژمارە ٣ی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێم دەبێت ئەو کەسانەی خۆیان کاندید دەکەن لایەنی کەم بڕونامەی بەکالۆریۆسیان هەبێت، زیاتر لە ١٠ ساڵ خزمەتیکردبێت لە دامودەزگا حکومییەکانی هەرێم، هەروەها دەبێت زۆرینەی ئەندامانی ئەنجومەن دەنگی لەسەر بدەن، پێویستە کەسی کاندید دەستپاک بێت و پێشتر هیچ تاوانێکی لەسەر ساغنەبووبێتەوە.
دوانزە رۆژ بەسەر کۆچی دوایی فرسەت سۆفی پاریزگاری هەولێر تێپەڕدەبێت و تا ئێستا هیچ کەسێک بە فەرمی کاندید نەکراوە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستەو لە ئێستادا لە لایەن جێگری پارێزگارەوە بە وەکالەت پۆستەکە بڕکراوەتەوە.