هێزە ئەمنییەکانی سەر بە ئیدارەی خۆسەری
ڕۆژئاوای کوردستان رایانگەیاند، لە چوارچێوەی هەڵمەتی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، نزیکەی ١٥ کەس
و بەرپرس لە دەزگا مەدەنی و سەربازییەکانی شاری حەسەکە دەستگیرکران.
ئەمڕۆ سێشەممە، سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنی لە حەسەکە
رایگەیاند، ماوەی دوو رۆژە هەڵمەتی دەستگیرکردنی گەندەڵکاران دەستیپێکردووە و کە پەیوەستن
بە کەیسی گەندەڵیکردن لە جێبەجێکردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری بە نرخی بەرز و دزینی پارە
و سامانی گشتی کە بەشێکیان مێژووەکەیان دەگەڕێنەوە بۆ ساڵی ٢٠١٥.
راشیگەیاند، لە نێو دەستگیرکراواندا بەرپرسی ئیدارەی
خۆسەر و لیژنەی شارەوانییەکان و ئەنجومەنی کانتۆنی حەسەکە و کەسانی خاوەن کۆمپانیا
و بەڵێندەر هەن.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، ئیدارەی خۆسەر
دەستی بەسەر موڵک و ماڵ دەستگیرکراوان گرتووە تا ئەو کاتەی لێکۆڵینەوەکان تەواو دەبن.