پەرلەمانتارانی ناڕازی بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە

کوردستان 02/12/2020

Alternate Text

ئەمڕۆ پەرلەمانتارانی نارازی لە پەرلەمانی کوردستان بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە لەبارەی پابەندبوونی حکومەتی هەرێم لەسەر رێککەوتنەکانی لەگەڵ بەغداد.

 

ئەمڕۆ چوار شەممە ٢ی کانوونی یەکەم، پەرلەمانتارانی نارازی لە پەرلەمانی کوردستان بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە کە تێیدا داوا دەکەن حکومەتی هەرێم پابەند بێت بە ناردنی ٢٥٠ بەرمیل نەوت رۆژانە لەگەڵ رادەستکردنی نیوەی داهاتی خاڵە سنورییەکان.

دەقی بەیاننامەکەی پەرلەمانتارانی نارازی لە پەرلەمانی کوردستان: 

ئێمەی پەرلەمانتارانی نارازیی لە پەرلەمانی کوردستان، سەرەرای پشتیوانیکردنمان لە ناڕازییە رەواکانی شەقام و بەشداریکردنی بەردەوامی نوینەرانمان لەنێو خۆپیشانداران دا بۆ هێنانەدیی مافە رەواکانیان، جەختدەکەینەوە لەسەر ئەوەی ژیان و گوزەرانی خەڵک لەوپەڕی خراپیدایە و بەم شێوازە لە حوکمڕانیی، قەیرانەکان قوڵتر دەبنەوە و هاونیشتمانیانیش زیاتر باجەکەی دەدەن. بۆیە پێداگریی دەکەین لەسەر گرتنەبەری ئەم هەنگاوە خێرایانە:

یەکەم/ ڕێککەوتن لە گەڵ حکومەتی عێراقیی دا. حکومەتی ھەرێم بە کرداریی بچێتە ژێر باری رێکەوتن و رۆژانە ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داھاتەکانی ناوخۆ و خاڵە سنورییەکان ڕادەستی بەغداد بکات و لە بەرانبەریشدا حکومەتی عیراقیی موچە و شایستە داراییەکانی هەرێم بنێرێت. 

دووەم/ دەستبەجێ حکومەتی هەرێم قاچاخچێتیی بەرپرسە دەسەڵاتدارەکان لە خاڵە سنورییەکان دا کۆنترۆڵ بکات و ئەو بڕیارانەیشی بۆ چاکسازیی لە داھاتی خاڵە سنوریەکاندا دراون، جێبەجێبکرێن.

سێیەم/ پێداچونەوەی تەواو بە دۆسێی نەوتدا بکرێت و کۆتایی بەو گەندەڵیی و بەفیڕۆدانە بهێنرێت کە لەم دۆسێیەدا ھەیە.

هۆشداریش دەدەین، ئەگەر ئەم سێ ھەنگاوە نەگیرێنە بەر، ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢١دا، دوچاری قەیرانێکی گەورەتری ئابوریی دەبێتەوە.  

پەرلەمانتارانی ناڕازیی لە پەرلەمانی کوردستان
٢/ ١٢/ ٢٠٢٠

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا